چالاكییەكانی هەفتەی ژیاندۆستی لە شاری سلێمانی دەستی پێكرد، ئامانج لەم چالاكییانە ھۆشیاركردنەوەی قوتابیانە لە حەوت بواری پێویستی ژیاندا.
ئەمرۆ یەكشەممە بەئامادەبوونی ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری ژمارەیەك لە فەرمانگەكانی شارەكە، چالاكییەكانی هەفتەی ژیاندۆستی بەدروشمی ( ژینگەی خاوێن، ژیانی تەندروست، مرۆڤی كامەران) لە قوتابخانەی دابانی بنەڕەتی لە شاری سلێمانی دەستیان پێكرد .
چالاكییەكان لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە پێشكەشكران كە بریتی بوون لە چالاكی و نمایشی ( ژینگەیی، ئاو و كارەبا، تەندروستی، مافی مرۆڤ، خاوەن پێداویستی تایبەت).
ئامانج لەو چالاكییانە كە ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێت و لە چەند قوتابخانەیەك بەردەوامی دەبێت، هۆشیاركردنەوەی قوتابیانە بۆ پاراستنی ژینگە و بە فیڕۆنەدانی ئاو و كارەبا و، خۆپاراستن و پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ و، كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.