كێشە دەكەوێتە نێو ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و سەركردایەتی جوڵانەوەكە

22/04/2019

نەوا
ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر سەركردایەتیی جوڵانەوەكە دەربڕی.
درەنگانی شەوی رابردو ئەنجومەنەكە و فراكسیۆنەكە پێكەوە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد و تێیدا هاتوە "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەموو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستەجەمعی تێدا نەماوە".
ئاماژە بەوەشكراوە، جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا ئەنجومەنی باڵا و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق دەڵێن "ئێمە ئۆرگانە سەرەكییە هەڵبژێردراوەكانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رای گشتی و گەلەكەمان رایدەگەیەنین، دیدگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ كردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند."

جەختیشیانكردووەتەوە، ئیتر رێگەنادەن نەوەی نوێ لە بێدەنگییدا بكرێتە بازنەیەكی تری شكستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی.
لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێن، "بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و حوكمی بنەماڵە كە لە 28 ساڵی رابردوودا بوونەتە مایەی شكست و كارەسات بۆ گەلەكەمان، وەك هەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group