مامۆستایەكی زانكۆ: دەتوانین بڵێین فەوزایەكی گەورە لەمیدیای كوردیدا هەیە

22/04/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
لەزانكۆی سلێمانی بەشی كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەكان لە 121هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردیدا پانێڵێك لە ژێر ناوی (خوێندنەوەیەك بۆ دوێنێ، بەرچاو روونیەك بۆ ئایندەی رۆژنامەگەری كوردی) بەڕێوەچو.
لەبارەی ئەو چالاكییەوە، سەلام نەسڕەدین سەرۆكی بەشی راگەیاندن لەزانكۆی سلێمانی بەرادیۆ نەوای وت "ئەمڕۆ چەند چالاكییەك لەساڵیادی رۆژنامەگەری كوردیدا ئەنجام دەدەین، كە پێكدێت لە نمایشكردنی چەند رۆژنامەیەكی كوردی لە كۆندا، كە شوێندەستیان دیار بوە و پانێڵێك لەسەر بابەتەكانی میدیای كوردی بەڕێوەدەچێت".
وتیشی "بابەتی یەكەم قسەكردنە لەسەر میدیای كوردی لەسەدەكانی نۆزدە و بیستەمدا، بابەتی دووەم بریتییە لە رۆڵی بنكەی ژین لەكۆكردنەوەی رۆژنامە كوردیەكاندا و بابەتی سێیەم كارو رۆڵی فۆتۆگرافی لە رۆژنامەی كوردی-دا".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە نیشانەی پرسیار لەسەر میدیای كوردی هەیە لەشێوازی خستنەڕوی كارەكان و بەخشینی زانیاری، تێڕوانینی مامۆستایانی ئەكادیمی بۆ میدیای كوردی-یش نەرێنییە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبونی كەناڵەكانی راگەیاندن.
هەر لە مەراسیمەكەدا ئیبتسام ئیسماعیل راگری كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكان بە رادیۆ نەوای وت "پێویستە سوپاسی بنەماڵەی بەدرخانییەكان بكەین، كە لەرۆژانێكی سەختدا رۆژنامەیەكیان دەركرد، ئێستا بۆتە قوتابخانەیەك بۆ فێركردنی رەگەزەكانی رۆژنامەنوسی، جێی داخە لەمڕۆدا لەسەردەمی كرانەوە و تەكنەلۆجیادا میدیای كوردی نەیتوانیوە پەیامی نەتەوەیی خۆی بگەیەنێتە میللەتەكانی دیكە و لە دۆزی كورد تێنەگەیشتون".
وتیشی "میدیای كوردی میدیایەكی لۆكاڵییە و نەیتوانیوە پەیامێكی نیشتمانی و زمانێكی ستانداردی هەبێت لە نوسینی رۆژنامە و گۆڤار و كەناڵەكاندا، كەواتە دەتوانین بڵێین فەوزایەكی گەورە لەمیدیای كوردیدا هەیە".
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 22ی نیسانی 1898دا میقداد میدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی میسر یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی "كوردستان" دامەزراند.

 

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group