نەتەوەیەكگرتوەكان: تا ئێستاش عێراق مەترسی قەیرانی ئاوی لەسەرە

22/04/2019 عێراق

 

نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق باس لەوەدەكات سەرباری بارینی بڕێكی زۆر باران لەمساڵدا، تا ئێستا عێراق مەترسی كەمئاوی لەسەرە.
لە راگەیەنراوێكدا نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق بە بۆنەی رۆژی زەوی دایك باسی لەوەكردووە: قەیرانی ئاو قەیرانێكی راستەقینەیە. هەرچەندە ئێستا بەنداوەكان و رووبارەكان بەهۆی وەرزێكی باراناوییەوە نەك هەر سەرڕێژ بوون بەڵكوو بوونەتە هۆی روودانی لافاویش بەڵام هێشتاش عیراق مەترسی قەیرانی ئاوی لە رووی بڕ و دابینكردنەوە هەر لەسەرە. بەو پێیەی هاوینێكی گەرممان لە پێشە پێشبینی دەكرێت كە قەیرانەكە سەختتر بێت.  
راشیگەیاندووە: گەشەكردنی دانیشتوان و ناكۆكییەكان لەسەر دابینكردنی ئاو بۆ دیوی سنوور و ژێرخانی خراپ و بەكارهێنانی شێوازی كۆن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاودا و خوێیاویبوونی زەوی و گوڕانكاری كەشوهەوا كاریگەرییان لەسەر گرفتە هاوچەرخەكانی عیراق هەیە لە رووی ئاوەوه و دەرئەنجامەكانیشی لەسەر ئاستەكانی مرۆیی و ئابووری و سەقامگیری و كۆمەڵایەتییەوە هەستی پێ دەكرێت.
نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان راشیگەیاندووە: پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانە چی لەتواناماندایە بیكەین و بگرە جۆرێك لە پەلەكردنیش پێویستە. شانبەشانی ئەمەش، پێویستە ئاگاداری خەڵك بكەینەوە كە چارەسەری درێژخایەن بۆ روبەروبوونەوەی تێكدانەكانی ژینگە كاتی دەوێت و رێگایەكەش خۆی دوورودرێژە و هەرگیز ئاسانیش نییە. بێگومان چەندان دەیە لە سستی و نەبوونی وەبەرهێنان و خراپبەكارهێنان هەرگیز لە چاوتروكانێكدا چارەسەر ناكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group