توركیا: سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران قەبوڵ ناكەین

22/04/2019 جیهان

 

توركیا كە یەكێك بوو لەو هەشت وڵاتەی پێشتر لە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە پرسی كڕینی نەوتدا بەخشرابوو، رایگەیاند: سزا تاكلایەنەكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران قبوڵ ناكەن.
مەولود چاوشئوغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە تویتێكدا رایگەیاند: "كۆتاییهێنان بە بەخشین (ی وڵاتان) لە قەدەغەی سەر هاوردەی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە، خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەكە ناكات و زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنێت". 
راشیگەیاندووە: سزا تاكلایەنەكان و ئەو سەپاندنانە قبووڵ ناكەین كە پەیوەستن بەوەی چۆن پەیوەندییەك لەگەڵ دراوسێكانماندا دروستدەكەین". 
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی دووشەممە كۆشكی سپی رایگەیاند، لە مانگی ئایارەوە بەخشینی هەشت لە وڵات لە كڕینی نەوت لە ئێران كۆتایی دێت و چیتر ئێران بەشێك نابێت لە بازاڕی نەوت.
جێی باسە لەگەڵ گەڕانەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هەشت وڵاتی توركیا، چین، هیندستان، كۆریای باشور، ژاپۆن، ئیتاڵیا، یۆنان و تایوان لە سزاكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی كاتی بەخشرابوون و دەرفەتی شەش مانگیان پێدرابوو تا دۆزینەوەی فرۆشیاری نوێ، نەوت لە ئێران بكڕن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group