"ئابڕوچونێكی سیاسی" یارمەتیدەری پەلامارە خوێناوییەكانی سریلانكا بوە

23/04/2019 جیهان

نەوا
ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكانی سریلانكا لەبەرزبونەوەدایە و ژمارەی كوژراوان گەیشتە 310 كەس.
سەرچاوەكانی هەواڵی سریلانكا بڵاویانكردوەتەوە، بەپێی سەرچاوە پزیشكیەكان ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكانی رۆژی یەكشەممەی رابردو، بەرزبونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە و كوژراوان گەیشتونەتە 310 كەس، هەروەها نزیكەی 500 برینداریش هەیە.
لای خۆیشیەوە هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە بڵاویانكردوەتەوە، بەتۆمەی ئەنجامدانی تەقینەوەكان تائێستا 40 كەس دەستگیركراون.
رۆژی یەكشەممە زنجیرەیەك تەقینەوە سێ كڵێساو سێ هۆتێلیان لە كۆڵۆمبۆی پایتەختی سریلانكا و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو وڵاتە كردە ئامانج و حكومەتی سریلانكاش گروپی "تەوحید" بە بەرپرسیار لەو هێرشانە دەزانێت.
لەو چوارچێوەیەدا زانیاری ئەوە بڵاوبوەتەوە، كە "ئابڕوچونێكی سیاسی" یارمەتیدەر بوە بۆ پەلامارە خوێناوییەكانی سریلانكا.
لەوبارەیەوە وەزیری تەندروستی سریلانكا ئاشكرایكرد، سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە لە ساڵی رابردوەوە ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە، هەرئەوەش بوەتەهۆی ئەوەی لەوكاتەوە هیچ راپۆرتێكی هەواڵگری نەدرێت بە سەرۆك وەزیران.
سەبارەت بەو ئابڕوچونەش، ئاژانسی رۆیتەرز دۆكیومێنتێكی بینیوە، كە ئەم مانگە هۆشدارییەك گەیشتوەتە پۆلیسی سریلانكا لەبارەی ئەگەری هێرشی سەر كڵێساكان لەلایەن گروپی (تەوحید)ی ئیسلامییەوە.
بەپێی دۆكیومێنتەكە، رۆژی 11ی ئەم مانگە هۆشداریەكە لەلایەن دەزگایەكی هەواڵگریی بیانییەوە دراوە بە سریلانكا، بەڵام دیار نییە وەڵامدانەوەی ئەو هۆشدارییە چۆن بوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمنیی سریلانكاوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group