‏UN داوا لە وڵاتان دەكات ژن و منداڵانی داعش وەربگرنەوە

پێش 4 هەفتە محەمەد ئیبراهیم

ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەڕێوەبردنی كارە خێرخوازییەكان داوا لە وڵاتان دەكات ئەو هەزاران ژن و منداڵی چەكدارانی داعش لە سوریا بگەڕێننەوە وڵاتەكەیان كە لە كامپی "ئەلحۆلی" لە پارێزگای حەسەكە لە سوریا لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین.
ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، ئافرەتان و مناڵانی چەكدارانی داعش لە 14ی مارسی 2019 لە ناوچەی باغۆزی سەر بە پارێزگای دێرەزوور هەڵهاتوون و خۆیان رادەستی هێزە كوردیەكان كرد، دواتر رەوانەی كامپەكان كران، زیاتر لە 57 هەزار كەسی هەڵهاتووی سەربە رێكخراوی داعش لە باغوز لەوپەڕی سنوری بێ هیواییدا دەژین كە زۆرینەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە 11هەزاریان ژن و منداڵی بیانین.
لەوبارەیەوە پانۆس مۆمتزیس بەڕێوەبەری كارە خێرخوازیەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەماڵپەڕەكەی وتوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان سەرجەم وڵاتان دەبێت هاوڵاتیەكانیان بگەڕێننەوە و نابێت هیچ كەسێك بێناسنامە بێت، داواش لەوڵاتانی جیهان دەكات ئەو منداڵەی دایك یان باوكیان ناسنامەی بیانینان هەیە قبوڵیان بكەنەوە.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان روونیشیكردووەتەوە،  دەبوایە سەرەتا وەك قوربانی مامەڵە لەگەڵ منداڵانی چەكدارانی داعش بكرایە، منداڵان مافی تایبەتی پاراستنیان هەیە كە ئەوە لە هەموو بار و دۆخێكدا پەیڕەو دەكرێت، لەكاتێكدا زۆربەیان بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی حەسەكەن لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

پانۆس مۆمتزیس روونیشیكردوەتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان رێگەنادات ئەو كەسانە بگەنە ناوچەكەیەك كە لەلایەن كوردانی سوریاوە چۆڵكراوەو رێگە بەنەتەوە یەكگرتووەكان نادرێت بچنە ئەو ناوچانە ،كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوپای سوریا دیموكرات "هەسەدە" بەسەركردایەتی كوردەكانی سوریان و خاچی سوری نێودەوڵەتی یەكێك لەو رێكخراوانەی كە رێگەیان پێدەدرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان لەرێگەی ئەو رێكخراوەوە پێویستی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دابین دەكات.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوە تایبتمەندەكان ژمارەی منداڵانی چەكدارانی داعش نزیكەی 2500 مناڵن كە لەگەڵ دایكیان دەژین لە ناوچەیەكی جیاكراوەی كەمپی ئەلحۆل، ئەو ناوچەیە لەهەموو دانیشتوانی كامپەكە دەپارێزرێت بۆ رێگەندان بە ئانجامدانی توندوتیژی و رەفتاری خراپ بەرامبەریان بەهۆی پەیوەندییان بە داعشەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group