عیراق.. تۆڵەكردنەوە لەكەسوكاری چەكدارانی داعش دەستیپێكردوە

23/04/2019 عێراق

نەوا
وەعدوڵڵا خەفاف دادوەری دادگای تاوانەكانی نەینەوا ئاشكرایكرد، تۆڵەكردنەوە لە كەسوكاری چەكدارانی داعش لە موسڵ دەستیپێكردوە و لەتازەترین رووداویشدا دایك و خوشكی چەكدارێكی داعش لەلایەن یەكێك لە قوربانیەكانی دەستی رێكخراوەكە، كوژراون.
وەعدوڵڵا خەفاف لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی DPA وتویەتی "ئەنجامدانی تاوان دژی خێزان و كەسوكاری چەكدارانی داعش لەماوەی دواییدا زیادیان كردووە، پێش چەند رۆژێك دادگا سەیری كەیسێكی كردوە، كە تێیدا كەسێكی قوربانی دەستی چەكدارانی داعش، دایك و خوشكێكی یەكێك لە چەكدارەكانی لەنێو ماڵی خۆیاندا كوشتوە، بەڵام دواتر دەستگیركراوە.
هەروەها لەروداوێكی دیكەدا، دوو كوڕی سەربازێكی قوربانی دەستی داعش، دایكی یەكێك لە چەكدارەكانی ئەو رێكخراوەیان كوشتوە، ئەوانیش دەستگیركراون.
ئەو دادوەرە باسی لەوەشكردوە، لە روداوێكی دیكەدا كەسێك دەستگیركراوە، كە بەدەمانچەی بێدەنگ خوشكی چەكدارێكی داعشی لەكاتی گەڕانەوەی لە خوێندنگادا كوشتوە، ئەوەشی وەك تۆڵەكردنەوەی كوشتنی ژن و منداڵەكانی لەلایەن داعشەوە ئەنجامداوە.
پێشتریش ئەنجومەنی دادوەری موسڵ رێنمایی دەركرد بۆ گواستنەوەی كەسوكاری چەكدارانی داعش بۆ كەمپەكان بۆ رێگرتن لە تۆڵەكردنەوە لێیان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group