بارزانی و حەلبوسی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتوەكان تاووتوێ دەكەن

23/04/2019 عێراق

نەوا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، دۆخی سیاسیی عیراق بەگشتی و دوایین پێشهاتەكانی پارێزگای موسڵیان بەتایبەتی تاووتوێ كرد و جەختیان لە گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەن و دەزگا پەیوەندیدارەكانی وڵات بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتوەكانی شەڕی داعش كردەوە.
لە كۆبونەوەیەكدا، كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە) لە هەولێر بەڕێوەچو، هەردوولا دۆخی ئاوارەكانی عیراقیان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان خستە بەر باس و لێكۆڵینەوە‌ و جەختیان لەسەر گرنگیی هاوكاریكردنیان لەلایەن حكومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە كردەوە بۆئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ناوچە زیانلێكەوتوەكان ئاوەدان بكرێنەوە.
هەروەها پەیوەندییەكانی هەولێر-بەغدا، بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەڕێگەی دیالۆگ و‌ تاووتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكە، بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە بون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group