په‌رله‌مانتارێكى كورد: قسه‌كانى حه‌لبوسى متمانه‌ى پێكهاته‌كان لاواز ده‌كات

23/04/2019 عێراق

نه‌وا
شیروان دوبردانى په‌رله‌مانتارى كورد له‌ په‌رله‌مانى عیراق ده‌ڵێت، قسه‌كانى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق كه‌ وتى "عیراقى عه‌ره‌بى و ئاشتى"، متمانه‌ى عیراقییه‌كان لاواز ده‌كات و پێكهاته‌كان هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ سه‌ربه‌ عیراق نین.
دوبردانى له‌ هه‌ژماری خۆى له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر نوسیویه‌تى "عیراق وڵاتى سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و ئایین و مه‌زهه‌به‌كانه‌، به‌غدا و سه‌رجه‌م پارێزگاكانى دیكه‌ به‌ ئاشتى و خۆشه‌ویستى و پێكه‌وه‌ژیان باوه‌ش بۆ هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌".
وتیشى "له‌قسه‌كانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌رمان سوڕماوه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سێكه‌ به‌هه‌ڵوێسته‌كانى و وه‌ستان له‌په‌ناى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌یه‌ك دوورى ناسراوه‌، به‌غدا و عیراق به‌گشتى سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و تاییفه‌كانى تێدایه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ى هێز و خۆڕاگرى وڵاته‌كه‌یه‌".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داوا له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق ده‌كات هه‌ستى ملیۆنان هاووڵاتى سه‌ربه‌ پێكهاته‌كان له‌به‌رچاوبگرێت، كه‌ له‌ عیراقدا له‌دایكبون و ژیاون، عیراق و به‌غدا وه‌ك عه‌ره‌بى و ئیسلام پێناسه‌ ده‌كرێت له‌كاتێكدا به‌غدا سه‌رجه‌م ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كانى تێدایه‌، كه‌ به‌درێژایى مێژوو پێكه‌وه‌ ژیاون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group