یۆرگن كلۆپ: بیر لە بەرشەلۆنە ناكەمەوە

23/04/2019 وەرزش

نەوا
یۆرگن كلۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی جەختدەكاتەوە، كە بیروهۆشی ئێستای لای یارییەكەیانە بەرانبەر هێدەرسفێڵد تاون لە خولی نایابی ئینگلیزی، نەك لەلای روبەڕوبونەوەی بەرشەلۆنە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.
كلۆپ و تیمەكەی لە رۆژانی 1و 7ی مانگی داهاتو لە نیوەی كۆتایی چامپیۆنزلیگدا روبەڕوی بەرشەلۆنە دەبێتەوە، بەڵام دڵیشی لای پریمەرلیگە و دەیەوێت نازناوەكە لە مانچستەر سیتی بفڕێنێت.
لەوبارەیەوە راهێنەرە ئەڵمانییەكە وتویەتی "هەندێك پێیانوایە ئێمە لە لیڤەرپوڵ بیر لە بەرشەلۆنە دەكەینەوە، بەڵام تەركیزمان لەسەر هێدەرسفێڵد تاونە".
رونیشیكردەوە، پاش یارییە ناوخۆییەوە، پێویستە پشو بدەن و بێنەوەسەرخۆیان و خۆیان بۆ دوو یارییە چاوەڕوانكراوەكەی بەرشەلۆنە ئامادەبكەن.
لەئێستادا لیڤەرپوڵ لە 35 یاریدا 88 خاڵی كۆكردوەتەوە و لە لوتكەی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلیزیدایە، بەڵام مانچستەر سیتی لە 34 یاریدا 86 خاڵی كۆكردوەتەوە و لە پلەی دووەمی خولەكەدایە، كاتژمێر 10ی سبەی شەویش بەكاتی كوردستان، لە دێربی شاری مانچستەردا روبەڕوی مانچستەر یونایتد دەبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group