وەزارەتی پێشمەرگە: چەند چەكدارێكی داعش لە سوریاوە دزەیان كردبوە سلێمانی و هەولێر

پێش 4 هەفتە جەبار یاوەر

نەوا
 ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هێشتا داعش لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار چەكداری لەعیراق ماوە و لەچەند ناوچەیەكیش چالاكن، دەشڵێت "نازانرێت ئەبو بەكر بەغدادی لەكوێیە"، هاوكات دەربارەی یەكگرتنی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە دەلچێت:" لە ژێر دیراسەدایە بۆ ئەوەی لە كابینەی نوێ جێبەجێ بكرێت".

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی چالاكی چەكدارانی داعش لە عیراق و چارەنوسی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوەكە و یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دواوە و وتویەتی:" داعش هێشتا لە سنووری هەزار تا دوو هەزار چەكداری ماوە لەو ناوچانە و بڵاوەیان كردووە، بەڵام داعش زۆر شانەی نووستووی هەیە لە لادێیەكان بەتایبەت، جگە لەوانەی چەكداری رەسمیی داعشن، خەڵك لە چەندین ناوچە بەشەو دەبنەوە داعش و یارمەتیی دەدەن و دەبنە دەلیل بۆیان و خواردنییان بۆ دەبەن و هاوكارییان دەكەن، راستە لەماوەی چوار ساڵ ئێمە بەهێزەكانی عێراق و پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان بەیەكەوە توانیومانە خەلافەتی داعش كۆتایی پێ بهێنین وەكو هێزی چەكدار، بەڵام لەرووی فیكرییەوە هێشتا ئەو خەلافەتە كۆتایی نەهاتووە، زۆر خەڵك هەن كە بیروباوەڕی داعش بوونییان هەیە، وەك ئەوەی لە ئەورووپا هەیە بە ئۆتۆمبێل خۆی بەناو خەڵك دەكات، بەچەقۆ هێرش دەكات و شتی دیكەش، بۆیە گرنگە دەست پێ بكەین بە پڕۆسەی شەڕێكی فیكری دژی داعش". 

سەبارەت بە دزەكردنی چەكدارانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق، جەبار یاوەر وتویەتی:"بەپێی راپۆرتەكانی ئێمە و بەدواداچوونەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەكانی دیكەمان بەڵێ، ماوەیەك لەمەوبەر لە سلێمانی چەند كەسێك لە شانە نووستوەكانییان دەستگیركران، لەهەولێر بەهەمان شێوە، دیارە ئەوانە ئەو كەسانەن كە لە ناوچەكانی سووریاوە هاتوونەتە ئێرە، چوونەتە كەمپەكان یان چوون بۆ ناو شارەكان، هێشتا سەركردەكانی داعش هەموویان كۆتاییان نەهاتووە، هێشتا كەس بەتەواوەتی شوێنەكانییان نازانرێت، مادام سەركردایەتییان ماوە پەیوەندییان ماوە، ئەوان بە پلەی یەكەم سوشیاڵ میدیا بۆ پەیوەندییەكانییان بەكاردەهێنن و زۆر شارەزان لەم بوارەدا، هەر شانەیەكیان لەو سەری دونیا بێت پەیوەندیی بەوانی دیكەوە لەرێگەی سوشیاڵ میدیاوە دەكات، ئیدی لەهەركوێیەك بن، زۆر بە ئاسانی لەو رێگەیەوە رێنمایی یەكتر و پەیوەندیی بەیەكترەوە دەكەن، بەڵێ هەندێك لەو چەكدارانە هاتوونەتە كەمپەكان، شارەكان، هێشتا بەشێكییان لە بیابانەكانن، هەموو دامودەزگا هەواڵگرییەكانی دونیا لەسەر شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی زۆر جار زانیاریی بڵاودەكەنەوە و هەریەكە و شتێك دەڵێن، بەڵام هێشتا هیچ دامودەزگایەكی هەواڵگری بەدیاریكراوی نازانن لەكوێیە، بەتەنها ئەو نا، ئەو سەركردانەی داعش كە ماون ئەوانیش نازانرێت لەكوێن". 
لە بەشێكی تری دیمانەكەیدا جەبار یاوەر دەربارەی تێكەڵكردنی هێزەكانی 70 و 80 دواوە و  ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو پڕۆژەیە هی هاوپەیمانان نییە،  وتویەتی:" دەبێت ئەوە راست بكەمەوە، ئێمە لە ساڵی 2017 وەكو ئەمیندارێتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە داوامان لێ كرا كارنامەیەك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە بكەین، ئەوەبوو 17 خاڵمان وەكو كارنامەی ریفۆرم لەناو وەزارەت ئامادەكرد، لە هەمان ساڵدا راوێژكارانی ئەمریكی، بەریتانی، ئەڵمانی سێ پڕۆژەیان پێشكەش كرد، پاشان لە كۆتایی 2017دا لێژنەیەكی باڵامان لە وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژكارانی ئەو سێ وڵاتە پێكهێنا بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی ئەوان و هی ئێمەش تێكەڵ بكەین و ئەوە بوو پڕۆژەیەكی 35 خاڵمان داڕشت، ئێستاش بەهەماهەنگی كاردەكەین، راوێژكارانی ئەوان و هی ئێمە بەڕێوەبەرایەتییەكی چاكسازییمان دروستكردووە و كۆمەڵێك ئەفسەرمان مەشق پێكردووە لە لایەن راوێژكارانی بەریتانییاوە و خاڵەكانی ئەو پڕۆژەیە دەخەینە واری جێبەجێ كردنەوە، كۆمەڵێكیان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە لەوانە بە ئەلیكترۆنیكردنی پێدانی مووچەی پێشمەرگە، یەكخستنی جلوبەرگی پێشمەرگە، پێداچوونەوە بە یاساكان، پێداچوونەوە بەپەیكەری وەزارەتی پێشمەرگە، پێداچوونەوە بە میرە و ئەوانە، ئێستا پڕۆژەیەكمان هەیە بۆ چۆنێتی تێكەڵكردنی هێزەكانی 70 و 80 و لەژێر دیراسەدایە بۆ ئەوەی لەكابینەی داهاتوو جێبەجێی بكەین". 











شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group