لەسەر یەكخستنی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە سكاڵا دەبرێت لای پەرلەمانی كوردستان

23/04/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی ئەو سكاڵایانەی بەدەستیان گەیشتوە لەسەر یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
لەوبارەیەوە نزار مەلا غەفار سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، مەبەست لە كۆبونەوەكە تاووتوێی ئەو سكاڵایانەیە، كە ماوەیەكە گەیشتونەتە لیژنەكە لەسەر یەكخستنی هێزەكانی 70 و 80 و خستنەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش لە كاتێكدایە سكاڵاكان لە هێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆ و ئاسایشەوە پێیانگەیشتون.
وتیشی "لیژنەكەی پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی بڕیاردانی لەوبارەیەوە نییە، بەڵكو بە ئامادەبونی 11 ئەندامی پەرلەمان لەسەرجەم فراكسیۆنەكان، چەند خاڵێك وەك راسپاردە ئامادە دەكات و گفتوگۆیان لەسەر دەكات بەتایبەتی بابەتی یەكە سەربازییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە".
لەساڵی 2012وە بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێنەوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group