جۆ بایدن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كاندید دەكات

24/04/2019 جیهان

نەوا
بانگەشەی ئەوە دەكرێت جۆ بایدن جێگری باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بڕیاری داوە بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی2020دا لە ركابەرییەكاندا بەشداریی بكات و رۆژی پێنجشەممە كاندیدبونی خۆی ئاشكرادەكات. 
بەپێی ئەو لێدوانانەی كەسانی نزیكی جۆ بایدن بۆ میدیای وڵاتەكەیان داویانە، ناوبراو بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، سەرجەم ئامادەكارییەكانی تەواوكردوە. 
ئاماژە بەوەشكراوە، جۆ بایدنی تەمەن 76 ساڵ، كە ماوەیەكی دوور و درێژە چاوەڕوانی بڕیاری بەشداریكردن یان بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنەكاندا دەكرێت، رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی تۆمارێكی ڤیدیۆییەوە كاندیدبوونی لەسەر لیستی پارتی دیموكراتەكان، ئاشكرادەكات.
تەوەری سەرەكی هەڵمەتی بانگەشەكەی بایدن بریتی دەبێت لەوەی بەسەر كاندیدی كۆماریخوازەكان، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكادا سەردەكەوێت و تاكە كاندیدی پارتی دیموكراتەكانیشە، كە دەتوانێت كۆدەنگیی لە نێو هەموو پارتەكە سەبارەت بە خۆی دروستبكات.
لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كە بڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەبچێت، زیاتر لە 20 كەسایەتی ركابەریی لەسەر كاندیدبون لە هەڵبژاردنەكاندا لەسەر لیستی دیموكراتەكان دەكەن، لەكاتێكدا چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی كاندیدی كۆماریخوازەكان بێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group