ژاپۆن قەرەبووی زیانبەركەتووانی یاسای خەساندنی ناچاری دەكاتەوە

24/04/2019 جیهان

 

پەرلەمانی ژاپۆن ئەو پڕۆژە یاسایەی پەسەند كرد كە بە بڕی سێ ملیۆن و 200 هەزار یەن قەرەبووی هەریەكێك لەو كەسانە دەكاتەوە كە كەوتبوونە بەر یاسای لە خەساندنی ناچاری.  
پڕۆژە یاساكە كە لە لایەن پارتەكانی سەربە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدار ئامادە كرابوو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا.  
بەپێی یاساكە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە لایەن پسپۆڕان لە میانی پێنج ساڵدا زیانبەركەتووان قەرەبوو دەكرێنەوە. 
لە پڕۆژە یاساكەدا داوای لێبوردن لە زیانبەركەوتووان كراوە. 
لە لایەن كەسانێكیشەوە رەخنە لە یاساكە گیراوە بەوەی بە زمانێكی ناڕوون قسە لەبارەی یاسای خەساندن كراوە و باس لەوە نەكراوە كە كێ بەرپرس بووە لەو یاسایە.  
نزیكەی 20 لەو زیانبەركەوتووانە دۆسیەیان لەسەر حكوومەت كردبووەوە. چاوەڕوان دەكرێت یەكەم بڕیار لەسەر یەكێك لەو دۆسیانە لە مانگی ئایاردا بدرێت. 
لە ساڵی 1948 لە میانی یاسای چاكسازی رەگەزیدا ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆشی و ئاستەنگی جەستەیی و مێشكییان هەبوو لە چوارچێوەی "سیاسەتی زیادكردنی كوالێتی بۆماوەزانی كۆمەڵ" ناچار كران بخەسێندرێن. دەوترێت لەو میانەیەدا نزیكەی 25 هەزار كەس خەسێندراون.  
دوا نەشتەرگەری خەساندن لە 1993 ئەنجام درا و ژمارەی خەساندنەكان لە هەردوو دەیەی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو گەیشتە لوتكە. یاساكەش لە 1996 هەڵگیرا.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group