13هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەكرێتەوە

24/04/2019

 

بڕیارە لە كۆتایی مانگی ئەیلوولدا، 13هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، بەهاوكاری كۆنسولخانەی فەڕەنسا لە هەولێر بكرێتەوە كە ئەم پێشانگایە ساڵانە دەكرێتەوە، بەڵام لە ساڵی 2016وە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژبە داعش، نەكراوەتەوە.
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوول تا سێی تشرینی یەكەم 13هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بكرێتەوە
عەبدوڵڵا ئەحمەد وتیشی: "لە ساڵی 2016دا، هەمان پێشانگا كرایەوە و تیایدا كۆمپانیاكانی 19 وڵات بەشدارییان تیادا كرد بەڵام ئەمساڵ چاوەڕێ دەكەین تا مانگی ئەیلوول، ژمارەیەكی زۆر لە كۆمانیاكانی وڵاتان خۆیان تۆمار بكەن و بەشداری لە پێشانگاكەدا بكەن".
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر هەموو ساڵێك دەكرایەوە و هەموو كەرتەكانی ئابووری و بازگانی لە خۆدەگرێت و لە ساڵی 2013دا، نزیكەی 850 كۆمپانیا لە 25 وڵات بەشداربوون و دوا پێشانگا لە ساڵی 2016 كرایەوە كە تیایدا 18 وڵات بەشداربوون و ئەمساڵیش هیوادارین ئەم ژمارەیە بەرزبێتەوە". 
لەبارەی زانیاری زیاتر لەسەر پێشانگای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتی: "تا ئێستا 200 كۆمپانیا لە 10 وڵاتەوە خۆیان تۆماركردووە ئەوانیش بریتیین لە چوار وڵاتی ئەورووپایی، دوو وڵاتی عەرەبی، وڵاتانی دراوسێی وەك توركیا و ئێران، هیندستان و چین، بە دڵنیایییەوە رێژەكەش زۆر زیاد دەكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group