ژنە پەرلەمانتارەكانی كوردستان پشتگیری لە شادی نەوزاد دەكەن

24/04/2019

 

ژنە پەرلەمانتارانی كوردستان هەڕەشە كردن لە هاوپیشەیەكیان شەرمەزاردەكەن، كە باسی لەوەكردووە، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەیی ڤیدیۆیی لێكراوە.
لەبەیاننامەیەكدا ژمارەیەك لە خانمە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان رایانگەیاندووە: بەداخەوە زۆر جار سەرەڕای بەربەستەكان دەبینە قوربانی و بە ناوی شەرەف و ناموسەوە ڕووبەڕوی هەڕەشە دەبینەوە وەك ئەوەی بەرامبەر هاوپیشەمان پەرلەمانتار شادی نەوزاد كراوە.
راشیانگەیاندووە: ئێمە وەك  پەرلەمانتاران بێ جیاوازی بیرو و بۆچونی سیاسی و ئایدۆلۆژی بە توندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانە دەكەین و پشتگیر و پشتیوانی لە شادی خان دەكەین.
خانمە پەرلەمانتارەكانی كوردستان لە كۆتاییدا راشیانگەیاندووە: ئومێد دەخواین ئەم جۆرە هەڕەشە ترسنۆكانە بەرامبەر ژنان ڕابگیرێت و داواكارین دادگا بە زووترین كات سزای هەموو ئەو جۆرە كەسانە بدات كە دەبنە هۆی هەڕەشە و ترس بۆبەرەو پێشبردنی خەباتی مەدەنیانەی خانمانی كورد.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی چوارشەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان سەركردەكانی جوڵانەوەكەی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی رووتیان لێكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group