34 هه‌زار كرێكاری بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كارده‌كه‌ن

30/04/2019 نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا

له‌شاری هه‌ولێر خۆپیشاندانی كرێكاران به‌بۆنه‌ی 1ی ئایاره‌وه‌ رێكخراو ناڕه‌زایه‌تی له‌ دۆخی خۆیان ده‌رده‌بڕن.
له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا ئه‌ندامانی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی كرێكاران داوایان ده‌كرد ره‌شنوسی پرۆژه‌یاسای كار په‌سندبكرێت و جێبه‌جێ بكرێت، هه‌روه‌ك داواكارن هێنانی كرێكارانی بیانی بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان سنوردار بكرێت، كه‌ ژماره‌یان 34 هه‌زار كه‌س ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كه‌شدا، مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان له‌ یادی 1ی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكاران ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی بڵاوكرده‌وه‌:


هەر لەو چوارچێوەیەدا حاجی هاوڕێی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "ئامانج لەو خۆپیشاندانە جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەیە، كە لە بەرژەوەندی كرێكاران دەرچون، بەڵام لە هەرێم جێبەجێ ناكرێن، داوا لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران دەكەین یاسایەكی تایبەت دەربكەن بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاری سەندیكاكانی كرێكاران لە هەرێمدا، هەروەها كار بۆ ئەوەش بكرێت لە شوێنی كار سەلامەتی كرێكاران پارێزراو بێت و سنورێكیش بۆ هێنانی كرێكارانی بیانی دابنرێت.
كرێكارانی كوردستان داواش دەكەن یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە هەرێم جێبەجێبكرێت، هەروەها پرۆژەیاسای كار ئێستا لە پەرلەمانە و تێپەڕێندرێت بۆئەوەی باروگوزەرانی كرێكاران باشتربكرێت.
 لای خۆیشیەوە عەلی حەمەساڵح  سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەكاتی پێشوازیكردن لە خۆپیشاندەران وتی "سەرقاڵی ئامادەكردنی لیژنەیەكین بۆ پێداچونەوە بەیاساكانی تایبەت بە كرێكاران بەهەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای كرێكاران بۆئەوەی هەمواركردنەوەی یاسەكە بە رەچاوكردنی سەرجەم ماف و  پێداویستی كرێكان بێت لە كاتی كاركردندا".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عارف حیتۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند، له‌چوار ساڵی رابردودا 52 كرێكار له‌كاتی كاركردندا پێكراون و 25 كرێكاریش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
عارف حیتۆ له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ هه‌ولێر، هه‌ندێك ئاماری له‌باره‌ی كرێكارانه‌وه‌ خسته‌ڕو و وتى "له‌ساڵی رابردودا 10 هه‌زار و 796 سه‌ردان بۆ ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كراون، تائێستا 27 هه‌زار و 296 پرۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراون، كه‌ هه‌زار و 657 پرۆژه‌یان له‌ساڵی 2018دا بوه‌ و تیایدا 78 هه‌زار و 560 كرێكار ده‌سته‌به‌ركراون".
وتیشی: له‌ پێنج ساڵی رابردودا 30 هه‌زار و 625 كرێكار له‌ كاره‌كانیان دورخراونه‌ته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌یان له‌ ساڵانی 2014 و 2015دا بوه‌.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، كه‌ زیاتر له‌ 402 ملیار و 613 ملیۆن دینار له‌سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا 530 كرێكار خانه‌نشینكراون و مانگانه‌ خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن، 212 كرێكاریش له‌سه‌ر سندوقی خانه‌نشینی عیراق، خانه‌نشینكراون.
هه‌روه‌ها عارف حیتۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی باسى له‌وه‌كرد، له‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ستافی پێویستیان نییه‌ بۆ ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی پیشه‌یی.
وتیشی "له‌ماوه‌ی ساڵی چوار ساڵی رابردو 52 كرێكار پێكراون و 25 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2018دا 13 كرێكار پێكراون و 7 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".
به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی ئامار و وه‌زاره‌تی پلاندانان رێژه‌ی بێكار كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ كه‌مته‌ر له‌ 11%. له‌ ساڵی 2018دا دوو هه‌زار و 41 كه‌س وه‌ك بێكار خۆیان تۆماركردوه‌، كه‌ زۆرترینیان ده‌رچوی زانكۆ و په‌یمانگاكان بون، له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زار و 51 ده‌رفه‌تی كاریان بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ 156 خولی راهێنانی پیشه‌ییش كراونه‌ته‌وه‌ و دوو هه‌زار و 245 كه‌س به‌شداربون.
عارف حیتۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، 34 هه‌زار و 248 كرێكاری بیانی هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌و كرێكارانه‌ی له‌ پێنج ساڵی رابردودا هاتون 19 هه‌زار و 946 خزمه‌تكاری ناوماڵن، 12 هه‌زار و 34 كرێكاری پرۆژه‌ن، له‌ ساڵی 2018 دا سێ هه‌زار و 337 كرێكاری ناوماڵ و 425 كرێكاری پرۆژه‌ هاتون، له‌ ساڵی 2019دا دوو هه‌زار و 270 كرێكاری بیانی هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ 147یان كرێكاری پرۆژه‌ن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group