ژنێكی كورد عەبای ئاشتی بە پاپای ڤاتیكان دەبەخشێت

05/05/2019 هەمەڕەنگ

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
لە مەراسیمێكدا خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن سەرجەم ئایینە جیاوازەكانی كوردستانەوە بەخشرا بە ژنێكی موسڵمان لەپای كۆكردنەوەی سەرجەم لۆگۆی ئایینەكان لەسەر عەبایەك و بەخشینی بە پاپای ڤاتیكان. 
شاناز جەمال خاوەنی پرۆژەی عەبای ئاشتی لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا وتی "پرۆژەكە بریتییە لە عەبایەكی نوێژكردن و لەسەر هەردوو باڵی عەباكە لۆگۆی ئەو هەشت ئایینەی لەسەرە، كە لە كوردستاندا پێكەوە دەژین".
وتیشی "لەكۆنەوە لە كوردستان ئاشتی و پێكەوەژیان هەبوە و سەرجەم ئایینەكان بەبێ جیاوازی ژیاون، منیش وەكو ژنێكی موسڵمان ویستم پیشانی هەموو جیهانی بدەم، كە ئاینی ئیسلام بەدەر نییە لە ئایینەكانی دیكە و ئارەزووی ئاشتی و پێكەوەژیان دەكات".
شاناز جەمال باسی لەوەكرد، دەیەوێت نیشانی هەموو جیهانی بدات، كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئایین و نەتەوەكاندا نییە و هەموان لەكۆتاییدا مرۆڤن و لەسەر ئەم زەویە دەژین، عەباكەش لەلایەن پاپاوە بینراوە و زۆری بەدڵ بوە، بەمنزیكانەش بەدەستی خۆی پێشكەشی دەكات.
پرۆژەی داهاتووی شاناز جەمال دیاریەكە بۆ شاژنی بەریتانیا و گەیاندنی پەیامی بەهێزی و ناساندنی ئافرەتی كوردە لە دەست رەنگینیان لە هەرێمی كوردستاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group