هاوسەرەكان لە عیراقدا بۆ لەیەك جیادەبنەوە؟

05/05/2019 نەوا
نەوا
ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عیراق هۆكاری سەرەكی جیابوونەوەی هاوسەرەكان بۆ نامە و وێنە و زنجیرە فیلمەكانی عیشق و خۆشەویستی و یارییە ئەلیكترۆنییەكانی وەكو پەبجی دەگەڕێنێتەوە.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عیراق لە رێگەی دامەزراوە و دادگەكانەوە لە عیراق كۆیكردووەتەوە و بە ئاماری فەرمی دادەنرێن رێژەی جیابوونەوەی هاوسەرەكان لە یەكتر و لەبەریەك هەڵوەشانەوەی خێزانەكان زیادیكردووە، تەنها لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە ٧٣ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە كە ئەم ئامارانەش هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئەنجوومەنەكە لەوبارەیەوە ئامارەكانی تایبەت بە ساڵی ٢٠١٨ی بڵاوكردەوە كە دەریدەخات بەتایبەت لە چارەكی كۆتایی ئەو ساڵەدا رێژەكە زۆر زیادیكردووە.
 
بەپێی ئەو ئامارانە "دادگەكانی عیراق لە میانی ساڵی ٢٠١٨دا، نزیكەی ٧٣ هەزار و ٥٦٩ حاڵەتی تەڵاقیان تۆماركردووە، بەغدای پایتەختیش بەهەردوو بەشەكەیەوە كەرخ و رەسافە ریزبەندی یەكەمی لەنێو پارێزگاگانی عیراق تۆماركردووە كە ٣٠ هەزار و ٢٨ حاڵەتی جیابوونەوەی تیادا روویداوە، بە شێوەیەك ١٦ هەزار و ٧٢٤ تەڵاقیان لە كەرتی رەسافە و ١٣ هەزار و ٣٠٤ حاڵەتیان لە بەشی كەرخ بووە".

ئەحمەد سەفار دادوەری باری كەسێتی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "دادگاكان رێژەی بەرزبووەوەیان لە حاڵەتەكانی جیابوونەوە تۆماركردووە، بەتایبەت لە چارەكی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨".

روونیشیكردووەتەوە كە هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەكان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هۆكارێك و لەنێویاندا گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان و كرانەوەی كۆمەڵگە بەسەر سەردەمی پەیوەندیی ئەلیكترۆنی و زۆربوونی ململانێ سیاسییەكان و كاریگەرییەكانیان لەسەر خێزان، ئەم گۆڕانكارییە خێرایەش هەڕەشە لە زرینەی كۆمەڵگەكان دەكات بەسەرجەم بەشەكانی تەمەنەوە".
 
سەفار ئەوەشی راگەیاندووە "بەمدواییانە رێژەی جیابوونەوە زیادیكردووە بە هۆی نامە یان وێنە یان زنجیرە فیلمەكانی عیشق و خۆشەویستی یان یارییە ئەلیكترۆنییەكانی وەكو پەپجی كە هەموویان مەترسیین بۆسەر كۆمەڵگا".

هەروەها ئەوەشی وتووە "مەسەلەكانی قۆستنەوەی ئەلیكترۆنی یەكێكە لەو هۆكارانەی كە رێژەیەكی لە جیابوونەوەكاندا تۆماركردووە، دەبێت ئەوەش بڵێین زوو بەشوودانی كچان و بڵاوبوونەوەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بەرزبوونەوەی تاوانە كۆمەڵگەییەكانیش هۆكاری دیكەن و لە پشت زیادبوونی ئەو رێژانەوەن".

ئەو دادوەرە لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت "هەروەها لەنێو هۆكارەكانی دیكەی زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە دەستوەردانی بنەماڵەی باوانن لە كاروباری ژن و مێرد و فاكتەرە ئابوورییەكان و نەبوونی دەرفەتی كار و دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان و جیاوازیی ئاستی هۆشیاری بیر و كولتووری نێوان ژن و مێردەكان لە پاڵ جیاوازیی ئاستی خوێندن ئەمانەش هۆكاری دیكەن".   

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group