لیڤەرپوڵ ریمۆنتادای كوشندە بەسەر بەرشەلۆنەدا دەسەپێنێت

07/05/2019 وەرزش

نەوا

یۆرگن كلۆپ و یاریزانەكانی لیڤەرپوڵ، یاریگای ئەنفێڵد دەكەنە دۆزەخی ڤالڤێردی و یاریزانەكانی بەرشەلۆنە و لە خەونی چامپیۆنزلیگ دوریان دەخەنەوە.
ئەمشەو لەنێو یاریگای ئەنفێڵدی خۆی، لەنێو هاتوهاوار و ئومێدی ئینگلیزەكاندا، لیڤەرپوڵ میوانداری بەرشەلۆنەی كرد، هەرچەندە لیڤەر بە 3 گۆڵی كامپ نو برینداربوو، بەڵام پلانەكانی كلۆپ جیاواز بوو، هەر لەسەرەتاوە هێرشبردن تاكە كلیلی بوو بۆ روبەڕوبونەوەی میسی و هاوڕێكانی، هەر ئەوەش ئامانجەكەی پێكا و لە رێی ئۆریگی و ڤایناڵدۆم-ەوە ریمۆنتادای كوشندە تۆماركرا و بە 4 گۆڵی ئەو دوو یاریزانە مێژوویان نوسییەوە.
بەلێكدانی ئەنجامی هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە، لیڤەرپوڵ بۆ دووەم وەرزی یەك لەدوای یەك خۆی گەیاندە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ و چاوەڕێی یارییەكەی سبەی شەوی ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندی و تۆتنهامی ئینگلیزی دەكات، تا لەسەر نازناوەكە كێبڕكێیان لەگەڵدا بكات.
ئەوەی تێبینی دەكرا، لە یارییەكەدا یانەی لیڤەرپوڵ هێڵی ناوەندی بە تەواوەتی كۆنترۆڵكردبو، بەرشەلۆنەش لە گۆڵپارێزەوە تا هێرشبەر هیچ یاریزانێكی دەرنەكەوت و خودی لیۆنێل میسی بەهرەمەندی ئەرجەنتینیش لە یارییەكەدا هیچ رۆڵێكی نەبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group