میدیای فه‌رمی روسیا: عیراق پشت له‌ واشنتۆن ده‌كات و روده‌كاته‌ مۆسكۆ

09/05/2019 جیهان

 نه‌وا
ماڵپه‌ڕی "روسیا الیوم"ی فه‌رمی روسیا له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى حكومه‌تى عیراقییه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، به‌هۆى گوشاره‌كانی ئه‌مریكاوه‌، عیراق ناسه‌قامگیره‌ و پلان هه‌یه‌ بۆ پشتكردنه‌ واشنتۆن و رووكردنه‌ مۆسكۆ وه‌ك هاوپه‌یمانێكى ستراتیژیى به‌هێز.
سه‌رچاوه‌كه‌ به‌و ماڵپه‌ڕی وتوه‌، عیراق له‌بارودۆخێكى ناسه‌قامگیردا ده‌ژى ئه‌وه‌ش به‌هۆى گوشاره‌كانی ئه‌مریكاوه‌ له‌سه‌رى به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانى نێوان واشنتۆن و تاران، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى عیراق ده‌یه‌وێت خۆى له‌و ناكۆكیانه‌ دوربخاته‌وه‌ و نه‌بێته‌ لایه‌نێك، به‌ڵام سه‌ردانى مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ به‌غدا ئه‌وه‌ى سه‌لماند، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌یه‌وێت عیراق ببێته‌ به‌شێك له‌شه‌ڕى نێوان ئه‌مریكا و ئێران.
سه‌رچاوه‌كه‌ پێیوایه‌، عیراق ده‌توانێت زۆر زیاتر سود له‌ روسیا وه‌ربگرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌مریكاى وه‌رده‌گرێت به‌تایبه‌تى له‌بوارى ئاسایش و پڕچه‌ككردن و ئابورى، بۆیه‌ له‌ئێستادا به‌جدى بیر له‌و رێگایه‌ ده‌كاته‌وه‌.
پێشتریش حاكم زاملى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى په‌رله‌مانى عیراق ئاشكرایكردبوو، گفتوگۆكان له‌نێوان عیراق و روسیا بۆ كڕینى سیستمى به‌رگریى موشه‌كى "ئێس 400"ى روسى ده‌ستیپێكردوه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group