هەڵەیەكی رێنوس لە 50 دۆلاریدا بانكی ناوەندی ئوسترالیا شەرمەزار دەكات

09/05/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
بانكی ناوەندی ئوسترالی كەوتونەتە هەڵەیەكی رێنوسیی شەرمەزاركەر لە چاپی 50 دۆلاری وڵاتەكەیاندا و پیتێك لە یەكێك لە وشەكاندا پەڕیوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئوسترالی بڵاویانكردوەتەوە، یەكێك لەگوێگرانی رادیۆی "تریپڵ ئێك" وێنەیەكی گەورەكراوی 50 دۆلاری ئوسترالی ناردوە بۆیان، كە تێیدا ئاشكرایكردوە هەڵەیەكی رێنوسی تێدایە و هەڵەكەش سێ جار دوبارەكراوەتەوە.
رونیشكراوەتەوە، هەڵەكە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە لەبری Responsibility  كە واتای "بەرپرسیارێتی"یە نوسراوە Responsibilty  و پیتی (i) بەردەمی پیتی (L) نەنوسراوە و 50 دۆلایش زۆرترین پارەی باوە و كاری پێدەكرێت لە ئوسترالیادا.


بەپێی زانیاریەكان، ئەو دراوە لە 18-10-2018 وە لەبازاڕدایە و رێوشوێنی تازەی تێدا گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی لە ساختەكردن، هەروەها تایبەتمەندی هەستیاری تێدایە بۆئەوانەی ئاستی بینینیان لاوازە، هەڵەكە لە وتەیەكی "ئێدیس كوان" یەكەم ژنە هەڵبژێردراو لە پەرلەمانی ئوسترالیا لەساڵی 1921 بۆ 1924دا كراوە، كە لەسەر پارەكە و لە پاڵ وێنەكەیدا نوسراوە.
لای خۆیشیەوە بانكی ناوەندی ئوسترالی بڵاویكردوەتەوە، ئاگاداری هەڵەكەن و لە چاپی داهاتودا راستی دەكەنەوە، بەپێی زانیاریەكانیش 184 ملیۆن كاغەزی پەنجا دۆلاری لەو چاپە لە بازاڕەكانی وڵاتەكەدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group