چەند تۆمەتێكی نوێ‌ روبەڕوی مەترسیدارترین بكوژی جیهان دەكرێتەوە

12/05/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
نیڵس هۆگڵ پەرستاری ئەڵمانی كە بە مەترسیدارترین بكوژی مێژووی ئەڵمانیا و تەنانەت جیهانیش دادەنرێت جارێكی دیكە برایەوە بەردەم دادگا و 300 تۆمەتی كوشتنی روبەڕوكراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان، لێكۆڵەران گەیشتونەتە ئەنجامێكی كۆتایی بۆ ژمارەی ئەو كەسانەی نیڵس بەدرێژایی ساڵانی كاركردنی كوشتونی، كە 300 نەخۆشن، ئەوەش دەیكاتە مەترسیداترین بكوژ لە مێژووی ئەڵمانیا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە تەنانەت لەجیهانیشدا.

 

بەپێی زانیاریەكان، هۆگڵ تائێستا دانی بەكوشتنی 43 كەسدا ناوە و بەدوریشی نەزانیوە دەستی لە كوشتنی 53 نەخۆشی دیكەدا هەبوبێت، بەڵام كوشتنی 5 كەسی دیكەی رەتكردوەتەوە، لەدانیشتنی ئەمجارەدا كوشتنی 36 كەسی تری لە شاری ئۆڵدینبۆرگ و 64 كەسی دیكەی لە نەخۆشخانەی شارۆچكەی دلمنهۆرست روبەڕوكراوەتەوە.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردوەتەوە، ئەو كەیسە پرسیاری جدی تایبەت بەكاركردنی دامەزراوە پزیشكیەكانی ئەڵمانیا دەجوڵێنێت و چۆن هیچ كەسێك لە هاوكارەكانی پێشووی هۆگڵ دركیان بەوە نەكردوە، ژمارەی مردن لەنێو نەخۆشەكانی ئەو نەخۆشخانانەدا بەرزدەبێتەوە.
رۆژنامەكانی ئەڵمانیا باسیان لەوەكردووە، لەكاتی دامەزراندنی هۆگڵ لە نەخۆشخانەی دلمنهۆرست لەساڵی 2003  بۆ كاركردن لەبەشی چاودێری ورد، هیچ شتێكی پێشكەش نەكردووە تەنها نامەیەك نەبێت كە تێیدا هاتووە "كەسێكە دەتوانێت بە وردی چاودێری حاڵەتە سەختەكان بكات". دوای دەستبەكاربوونی كێشەی بۆ هەندێك نەخۆش دروستكردوە تا بگەنە حاڵەتی مەترسیدار و دواتر هەندێكیانی رزگاركردوە بەهۆی ئەوەشەوە متمانەیەكی زۆری لەناو نەخۆشخانەكە پەیداكردوە.
لەساڵی 2005 یەكێك لەپەرستارەكان دوای ئەوەی بینیویەتی هۆگڵ دەرزیەكی كوشندە دەدات لەیەكێك لەنەخۆشەكان چووەتە لای یەكێك لە دكتۆرەكان بەڵام خێرا رێوشوێن دژی نەگیراوەتە بەرو پێش ئەوەی لەكارەكەی رابگیردرێت و دەستگیر بكرێت نەخۆشێكی تریشی كوشتووە.

لێكۆڵەران 411 حاڵەتی مردنیان لەماوەی كاركردنی هۆگڵ تۆمار كردووە كە 321 یان لەو كاتانەدا بووە كە ئەو تۆمەتبارە لەنەخۆشخانە بووە، هەروەها دكتۆرێكی تر و سەرپەرشتیاری پەرستارەكان بەتۆمەتی گوێپێنەدان كە بووەتە هۆی دەستكرانەوەی هۆگڵ و هاوكاریكردنی بۆ كوشتن دەستگیر كراون.
پێشتر سزای لەسێدارەدانی هەمیشەیی بەسەر نیڵس هۆگڵدا سەپێنراوە بەڵام لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی بەردەوامن و لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا لێكۆڵەران تەرمی 130 كەسیان لەئەڵمانیا و توركیا و پۆڵەندا دەرهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group