ئێران رەتیدەكاتەوە مەرجی بۆ مانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی دانابێت

14/05/2019 جیهان
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
نەوا
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە كە باس لەوە دەكەن ئێران بەمەبەستی مانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمییدا مەرجی فرۆشتنی یەك ملیۆن و پێنج سەد بەرمیل نەوتی رۆژانەی دانابێت.
عەباس موسەوی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران، ئاماژەی بەوەكرد ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەكەن ئێران بۆئەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا بمێنێتەوە مەرجی فرۆشتنی یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی داناوە، وتیشی: ئەو قسانە هەمووی هەڵبەستراون و دوورن لە راستییەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەكردەوە كە بۆچوون و داواكارییەكانی وڵاتەكەی سەبارەت بەمانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمییدا لەلایەن حەسەن روحانی-یەوە لەنامەیەكدا بەڕوونی دیارییكراون، كە ئاراستەی سەرۆكی وڵاتانی ئەندام لە رێككەوتنەكەدا كراوەو ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە پشت بە زانیاریی كەموكوڕ دەبەستن، زیان بەو ژینگەیە دەگەیەنن كە بۆ دیپلۆماسییەكی جددیی پێویستە.
ئەو وتانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە، كە پێشتر لە میدیاكاندا هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، گوایە ئێران بۆ مانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمییدا مەرجی ئەوەی داناوە كە فرۆشی یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بۆ مسۆگەر بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group