ترامپ لە بارەی رەوانەكردنی 120 هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رونكردنەوە دەدات

14/05/2019 جیهان

 

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، هەواڵی رەوانەكردنی 120 هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دورە لە راستیە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات لەو ژمارەیە زیاتریش رەوانە دەكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: ئەو هەواڵەی لە بارەی خواستی واشنتۆن بۆ رەوانەكردنی 120 هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكراوەتەوە، هەواڵێكی ساختەیە.
وتیشی: هیچ پلانێكی لەو جۆرە لە ئارادا نییە و هیوادارم پێویست نەبێت هەنگاوێكی لەو چەشنەش بنێین، بەڵام ئەگەر هات و پێویستی كرد، زۆر لەو ژمارەیە زیاتریش رەوانە دەكەین.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز بڵاویكردەوە، كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پلانێكی داڕشتووە بۆ رەوانەكردنی 120 هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دانیشتنی تایبەت بەو بڕیارەدا هەر یەك لە سەرپەرشتیاری وەزارەیت بەرگری، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆكی سی ئای ئەی و سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا ئامادەبوون.
دوای قوڵبوونەوەی گرژیەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، ئەمریكا كەشتی فڕۆكە هەڵگری یو ئێس ئێس ئابراهام لینكۆڵنی رەوانەی كەنداو كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group