فشاركردن لە عادل عەبدولمەهدی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان رەتدەكرێتەوە

14/05/2019 عێراق
عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران
نەوا - كاروان مەحمود
فشاركردن لە عادل عەبدولمەهدی بۆ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت رەتدەكرێتەوە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سەوزیش دەڵێت: "سورین لەسەر وەرگرتنی ئیستحقاقی خۆمان لە بەغدا".
سەبارەت بەدیاریكردنی وەزیرەكانی كابینەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران لە هەفتەی داهاتوودا، تەها حەمەدئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پرسی تەواوكردنی كابینەی عادل عەبدولمەهدی هەروەكو پێشووترەو هیچ گۆڕانكارییەكی تازە نییە، بەڵام ئێمە وەكو یەكێتی سورین لەسەر ئەوەی پشكی خۆمان وەربگرین كە وەزارەتی دادە، بەڵام تائێستا بەربژێری یەكێتی بۆ ئەو پۆستە بەفەرمی نەگەیشتووە ئێمەو چاوەڕواندەكرێت لە دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عیراق و گەڕانەوەمان لە رۆژی 18ی ئایاری 2019 قسەی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بكرێت.
سەبارەت بە دروستكردنی فشار لەسەر عادل عەبدولمەهدی بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن و یەكلایی نەكراونەتەوە، تەها حەمەدئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "هیچ فشارێك نییە لەسەر حكومەتی عیراق لەوبارەیەوە، فشار لەلایەن كێ وە بكرێت؟ بەنیسبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە پەیوەستین لەسەر داواكاریمان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێك، سەرجەم پرسەكانیش تەنها بە گفتوگۆ دەتوانین بگەینە ئەنجام.
وتیشی: "رەنگە تەواو كردنی كابینەی حكومەتی عیراق پەیوەست بێت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دیاریكردنی پارێزگاری كەركوكیش لەو چوارچێوەدایە، بۆیە هەركات حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت لە بەغداش هەوڵی جدی دەدرێت لەوبارەیەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group