سەلیم جبوری ناوی ئەو وڵاتە ئاشكرادەكات كە لە پەرلەمان دوریخستوەتەوە

15/05/2019 عێراق

نەوا
سەلیم جبوری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "دەوڵەتی ئیمارات دەستوەردانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراقدا كردوە و یاری بە ئەنجامەكان كرا و من دورخرامەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە لەو هەڵبژاردنەدا سەركەوتوبوم".
جبوری لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا، لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا براوە بوە و ئەوەش بەپێی هەموو بەڵگەكان و شایەتحاڵەكان سەلمێنراوە، تەنانەت لایەنی تەكنیكی و ئیدارەی هەڵبژاردن پەیوەندیان پێوەكردوە و پێیانڕاگەیاندوە براوەیە.
وتیشی "پێش دوو هەفتە لە هەڵبژاردن، خەمیس خەنجەر پێی وتم "لە ئیمارات شتێكی دیاریكراو رویداوە و سێرڤەری هاككردنەكان لەوێ‌ دانراون، ئەنجامەكان بۆ تۆ جێی سەرسوڕمان دەبن".
بەوتەی سەلیم جبوری لەكاتی پرۆسەی تانەگرتن چەند كەسێك وێستگەیەكی هەڵگرتنی دەنگەكانیان لە دەرەوەی وڵات سوتاند، كە 109 دەنگی تێیدابوە و كاریگەری بۆ سەر ئەنجامەكانی ئەو نەبوە، رۆژی دواتریش سندوقەكان گەڕێنراونەتەوە و هێمای ساختەكردنیان لێدراوە و تانەشی لەسەربوە، بەڵام پاشان كراوەتەوە و بۆ یەكێك لە ركابەرەكانی هەژماركراوە، ئەو كەسەش بوە بە پەرلەمانتار.
جێی باسە، لەكۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا، سەلیم جبوری سەرۆكی پێشووی پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا بۆ بونەوە بە پەرلەمانتار و ئەوەش لەوكاتەدا بوە جێی سەرسوڕمان و پرسیاری زۆری لەبارەوە وروژێنرا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group