بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: رێژەی بێكاری و هەژاری دابەزینی تۆمار كردووە

15/05/2019
مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئاماری سلێمانی
نەوا-كاروان مەحمود
بەڕێوەبەری گشتی ئاماری سلێمانی ئاشكرایدەكات، "بەراورد بەساڵانی پێشتر رێژەی بێكاری دابەزینی بەخۆوە بینیوەو رێژەی هەژاریش دابەزینی تۆماركردووە بەجۆرێك لە سەرەتای ساڵی 2019 گەیشتووەتە 6%".
مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئاماری سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "ئێمە لەساڵی 2011 باشترین باری ئابوریمان هەبووە لە هەرێمی كرودستاندا رێژەی بێكاری دابەزی بۆ 6.5%، بەڵام بەداخەوە هاتنی قەیرانی دارایی وایكرد لە ساڵی 2016 رێژەی بێكری بەرزبێتەوە بۆ 14% بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2017 ئامارەكە دووبارە بەرەو دابەزین بۆتەوەو تاوەكو سەرەتای ساڵی 2018 گەیشتەوە 9%".
وتیشی: "بۆ ساڵی 2013 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 3% دانیشتوانمان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون كەمترین لە پارێزگای سلێمانی بوو كە رێژەكە 2% بوو، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2016 بەرزبوونەوەی تۆماركرد بەپێی بانكی نێودەوڵەتی گەیشتبووە 10% بەڵام بەپێی خەمڵاندنی خۆمان رێژەی 16% دانیشتوانمان گەیشتبوونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، ئەوەشی وت: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لە سەرەتای ساڵی 2019 رێژەكە دووبارە دابەزیووەو رێژەی ئەو هاووڵاتیانەی لەخوار هێڵی هەژارییەوەن گەیشتووەتە 6% كە ئەوەش ئامارێكی باشەو بەهۆی دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیداو گۆڕانكاری لە دۆخی دارایی ئەو رێژەیە دابەزیووەو هیوادارین لەداهاتووش دۆخەكە زیاتر باشتربێت".
سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عیراق و هەرێمی كوردستان مەحمود عوسمان ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێری عیراق بۆ نەوا رایگەیاند، لەسەرانسەری عیراق سەرژمێری وەكو یەك ئەنجامدەدرێت لەبەر ئەوەی لەدەستوردا ئاماژەی پێكراوە ئەنجامدانی سەرژمێری كاری حكومەتی ناوەندییە، پرۆسەكەش بەردەوامەو لەسەرجەم پارێزگاكان وەكو یەك ئەنجامدەدرێت تاوەكو دەگەینە كاری "ژمارە لێدوان گەمارۆ سازی"یەوە، بۆ ئەوەش پێش سەرژمێرییەكە دووساڵ ئامادەكاری دەوێت هەنگاو بە هەنگاو كارەكان ئەنجامدەدرێت.
وتیشی: "ئێستا لە سەرجەم عیراق كار بۆ رێكخستنەوەی سنوری یەكە كاگێڕییەكان دەكرێت كە لە ناوچەوە دەست پێدەكات و بچوكترین یەكەی كارگێڕییە لەوانەیە یەك گوندی تێدا بێت یان چەند گوندێك، ئەوەش بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ناحیە، قەزا، پارێزگاو هەرێم و بۆ ئاستی عیراق و سنوری یەكە كارگێڕییەكان دیاریبكرێت هەر گۆڕانكارییەك كرابێت رێكخستنەوەی بۆ دەكرێت بۆ هەنگاوەكان دیكە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group