رەشاد گەڵاڵی: داعش بە بێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی ناتوانێت لە قەرەچوغ بمێنێتەوە

15/05/2019
چیای قەرەچوغ
رەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لەمەخمور باس لەوەدەكات داعش 300 چەكداری لە چیای قەرەچوغ هەیەو بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی و هەرێمی ناتوانن لەو ناوچەیە بمێننەوە.
لە لێدوانێكدا رەشاد گەڵاڵی باس لە هەڕەشەكانی داعش لە سنووری قەزاكە دەكات و دەڵێت كە چیای قەرەچوغ یەكێكە لەو شوێنانەی كە ساڵێك دەبێت داعش تیایدا خۆی رێكدەخاتەوە و مەشق و راهێنانی تیادا دەكات و نزیكەی 300 چەكداریان لەو ناوچەیە هەیە.
لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی راشیگەیاندووە: "یەكێك لەو پرسیارانەی لە لای ئێمە زۆر دەكرێت ئەمەیە كە چۆن داعش لەو شاخە كە هیچ ئاویشی لێ نییە دەتوانێت بەردەوام بێت؟، چیای قەرچوغ بەدرێژایی ئەو 27 كیلۆمەترەی یەك دڵۆپ ئاوی تیادا نییە، لەو شاخە یەك بەروبووم نییە، ئیدی دەبێت بپرسین چۆن نان و خواردن و ئاو دابین دەكەن؟، چۆن مەوادی پزیشكی و شتی تر پەیدا دەكەن؟، زیاتر لە 300 چەكدار چۆن دەژین؟، بەتایبەت لەسەر شاخەكە هێزی پێشمەرگەی لێیە و لە خوارەوەش سوپای عێراقی لێیە كەس ناتوانێت دزە بكات، حكوومەتی عێراق بەدرێژایی شاخەكە رەبییەی هەیە و كەس ناتوانێت خواردن بگوێزێتەوە، بۆیە دەبێت ئەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بپرسرێت".
رەشاد گەڵاڵی وتوشیەتی: "من پێموایە ئەو رێكخراوە چۆن دروستكراوە بەو شێوەیەش بەردەوامیی پێدەدرێت و گەشەیان پێدەدرێت و پێویستییەكانیان بۆ دابین دەكرێت، بۆیە داعش پاڵپشتییەكی گەورەی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە، ئەگەر ئەوان پاڵپشتیی نەكرێن ناتوانن لەم ناوچەیە بمێننەوە، هەر هێنانیان بۆ ئەو ناوچەیە جێی پرسیارە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group