فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچوو

15/05/2019
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی‌ نەوەی‌ نوێ‌
دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی لە سلێمانی‌، بڕیاری‌ دەستگیركردنی‌ بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی‌ نەوەی‌ نوێ‌ دەركرد.
بڕیارەكە بە پێی مادەی دو لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، هەروەها بە نوسراوی ژمارە (ت) لە رۆژی (14)ی ئایاری (2019) دەركراوە و تیایدا بڕیاردراوە بە دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید قادر، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، چونكە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.
لەماوەی‌ رابردودا پەرلەمانتارێكی‌ سەربە نەوەی‌ نوێ لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا باسی‌ لەوە كرد كە لەلایەن چەند كەسێكی‌ نزیك لە شاسوار عەبدولواحیدەوە نامەی‌ هەڕەشەئامێزی‌ بەدەستگەیشتوە، دوای‌ تێپەڕبونی‌ ماوەیەك، دو سكرتێر و ژمارەیەك خۆبەخشی‌ نەوی‌ نوێ لەلایەن ئاسایشی‌ سلێمانییەوە دەستگیر كران.
رۆژی هەینی رابردووش ئاسایش تۆمارێكی ڤیدیۆی بڵاوكردەوە كە تێیدا پێنج كەس كە دوانیان سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید بون، دانیان بەوەدا نا كە هەڕەشەیان لە شادی نەوزاد كردوە، هەروەها ئاسایش ئاشكراشیكرد كە ئەو گروپە چەندین پەیجی نافەرمیان هەبوە كە لەو پەیجانەوە هێرشیان كردوەتە سەر رۆژنامەنوسان و نوسەر و كەسایەتییە سیاسییەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group