لەسەر زیادەڕۆیی، پۆلیسی راپەڕین 48 تۆمەتباری دەستگیركرد

16/05/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین، لەماوەی هەفتەی رابردودا 57 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە زۆرینەیان بەهۆی زیادەڕەوییەوە بوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی سەرپێچی یاسا دەكەن، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین لەماوەی هەفتەی رابردودا 57 تۆمەتباریان دەستگیركردوە.
ئەوەش رونكراوەتەوە، دوو تۆمەتبار بەپێی مادەی 21ی چەك دەستگیركراون، تۆمەتبارێكیش بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراوە، كە فێڵی لە هاووڵاتیان كردوە، هەروەك شەش تۆمەتباری دیكەش بە چەند مادەیەك لەیاسای سزادانی عیراقی دەستبەسەركراون.
لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی پۆلیس ئاگاداركراونەتەوە لەوەی چەند كەسێك لە سنوری بنكەی پۆلیسی راپەڕین زیادەڕۆییان كردۆتەسەر موڵكی گشتی، هەربۆیە دوای لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر توانراوە لە هەڵمەتێكدا سەرجەمیان دەستگیربكرێن، كە 48 تۆمەتبارن و روبەڕوی یاسا بكرێنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group