شاسوار عەبدولواحید خۆی رادەستی دادگا دەكات

16/05/2019

نەوا
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاری دا بچێتەبەردەم دادگا و دەشڵێت "باجی هەڵوێستەكانمانە نەك باجی هەڵە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك سەبارەت بە فەرمانی دەستگیركردنی رایگەیاندوە، وەك چۆن پێشتر چوەتە بەردەم دادگا و سڵیان نەكردۆتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆش 16-5-2019 دەچێتە بەردەم دادگا.
هەروەها دەڵێت "ئەمەی ئێمە و هاوڕێكانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەكانمانە، نەك باجی هەڵە!! زۆرێك هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، بەڵام ئازادانە دەسوڕێنەوە لەم وڵاتەدا".
شاسوار عەبدولواحید نوسیویەتی "بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە، ئاسان بوو پشتمان بكردایەتە خەڵكی خۆمان و سەرمان كز كردایە، بەڵام ئەمەیان ڕێگا راستەكەیە".
هەروەها جەختدەكاتەوە، كە گۆڕانكاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە كە باوەڕی بە خۆی و قەزیەكەی خۆی هەیە.
لە كۆتاییشدا دەڵێت "هەموولایەك دڵنیادەكەینەوە لە جاران بەهێزتر دەبین و كۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەكەینەوە چەند ساڵێكی ترە، نەك ئەم وێستگە كاتییە بچوكانەی ئێستا، چونكە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، راستی و خاوەن هەڵوێستییە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group