لەگەڵ بەدواداچونێكی رادیۆ نەوادا، شارەوانی هەزار درەختی لە زبڵخانەی هەولێر چاند

16/05/2019
ساتی بەدواداچونی رادیۆ نەوا بۆ زبڵخانەی كانی قرژاڵە لە هەولێر رۆژی 12-5-2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
هاوكات لەگەڵ بەدواداچونێكی بەرنامەی "مایكی نەوا"دا، كە دوو هەفتەجارێك لە رۆژانی شەممە لە رادیۆ نەواوە پەخش دەكرێت، شارەوانی هەولێر هەزار درەخت لە زبڵخانەی شارەكەدا دەچێنێت.


دووەم ئەڵقەی بەرنامەی "مایكی نەوا"، كە تایبەتە بە كاریگەرییە خراپەكانی زبڵخانەی هەولێر لەسەر هاووڵاتیانی دانیشتوی كۆمەڵگەی كانی قرژاڵە و گوندەكانی دەوروبەری و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تۆماركراوە، كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 18-5-2019 لە رادیۆ نەواوە پەخش دەكرێت و تێیدا دانیشتوانی ئەو ناوچەیە داواكارییەكانیان خستوەتەڕو، لایەنی پەیوەندیداریش وەڵام دەداتەوە.


لەو چوارچێوەیەدا بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییە ژینگەیی و تەندروستییەكانی زبڵخانەكە، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) شارەوانی هەولێر هەزار درەختی لە سنورەكەدا چاند.
لەوبارەیەوە فەرمان خەلیل بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی لە شارەوانی هەولێر بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بەپێی پلانی داڕێژراو بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە تەندروستییەكانی زبڵخانەی هەولێر، كە بە زبڵخانەی كانی قرژاڵە ناسراوە، ئەمساڵ دوو هەزار درەخت لە زبڵخانەكەدا دەچێنرێت، لەمڕۆدا هەزار درەخت چاندراوە و هەر لەمساڵدا هەزار داری دیكەی تێدا دەچێنرێت.


وتیشی "ساڵانە پلانی چاندنی درەخت لە زبڵخانەكەدا جێبەجێ دەكەین و درەختەكانیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پارك و باخچەكانی هەولێرەوە دابین دەكرێن، لەلایەن ستافی ژینگەپارێزیشەوە دەچێنرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group