نەوەی نوێ: ئامانج لە دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید كپكردنی دەنگی ئازا و بوێرە

16/05/2019

نەوا
جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئامانج لە دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید كپكردنی هەموو دەنگێكی ئازا و بوێرە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ رۆژی پێنجشەممە لە دوای دەستگیركردنی سەرۆكی جوڵانەوەكەیان، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایانكرد، "وەك رێزگرتنی بەردەوامی لە یاسا، رۆژی پێنج شەممە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە بەردەم دادگا و پاش وەرگرتنی وتەكانی لەلایەن دادوەری ئاسایشەوە، هێزێكی سەربە ئاسایشی یەكێتی بەرەو شوێنێكی نادیار گواستیانەوە".
ئەوەشی تێدا هاتووە، "راگرتنی سەرۆكی جوڵانەوەكە درێژەی ئەو هێرشە ناڕەوایەیە كە یەكێتی بەمەبەستی لاوازكردنی نەوەی نوێ دەستیپێكردووە و، چەندین دامەزراوەی ئەمنی و حكومی لە خزمەتی هێرشەكەیدا بەكاردەهێنێت".
هەر لەراگەیەندراوەكەیدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەم سیناریۆ بێ بەهایە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسییە و ئامانج لێی كپكردنی هەموو دەنگێكی ئازا و بوێرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پیلان و گەمە ناشرینانەی ئەوانەوە، هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم سیناریۆیەش تێدەپەڕێنێت و، لە جاران بەهێزتر بەردەوام دەبێت لە دژایەتیی گەندەڵی و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵك و سەروەركردنی یاسا".
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، "داوا دەكەن دادگا و یاساناس و دادوەرە بەڕێزەكان ڕۆڵی خۆیان ببینن و رێگە نەدەن دادگاكان لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكاربهێنرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group