خزمەتكارێك قەناعەت بە رۆناڵدۆ دەكات یاری بۆ بەرشەلۆنە بكات

18/05/2019 وەرزش
نەوا
خوان گسپارت سەرۆكی پێشوتری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی پلانێكی زۆرزانانەی خۆی ئاشكرا دەكات بۆ پەلكێشكردنی رۆناڵدۆی دیاردەی بەرازیلی بۆ ریزی یانە كەتەلۆنییەكە لە سەدەی رابردودا.
 
ئەو سەرۆكەی یانەی بەرشەلۆنە چیرۆكەكەی گێڕاوەتەوە و رۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانیش بڵاویكردوەتەوە، كە وتویەتی "كێشەمان لەگەڵ یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی هەبوو، كە ئەوكات رۆناڵدۆ یاری بۆ دەكردن، دەقی گرێبەستەكەی وابوو كە دەبێت لە مێژوویەكی دیاریكراودا واژۆ لەسەر رۆیشتنی لە خولی تۆپی پێی هۆڵەندی بكات".
 
دەشڵێت "یانە هۆڵەندییەكە ئەو خاڵەی قۆستەوە بۆئەوەی لە رێككەوتنەی لەگەڵ ئێمەدا بكشێتەوە، هەربۆیە خۆسێ لویس نۆنیز سەرۆكی ئەوكاتی بەرشەلۆنە داوای لێكردم بچم بۆ كەمپی مەشقی هەڵبژاردەی بەرازیل لە شاری میامی ئەمریكا تا قەناعەت بە رۆناڵدۆ بكەم گرێبەست لەگەڵ ئێمەدا واژۆ بكات".
 
ئەوكاتەی چیرۆكەكە رویداوە، گسپارت جێگری سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بوە و نەیتوانیوە بگات بە رۆناڵدۆی دیاردە، چونكە ئاستی پاسەوانی لە دەوروبەری هۆتێلەكەی هەڵبژاردەی بەرازیلی لێبوە توندوتۆڵ بوە. بەڵام بێئومێد نەبوە و توانیویەتی قەناعەت بە یەكێك لە خزمەتگوزارەكانی ناو هۆتێلەكە بكات و جلوبەرگ و بۆینباخەكەی بداتێ، هەروەك سینی و خواردنەوە غازییەكەی لێوەرگرتوە و چوەتە ئەو ژورەی رۆناڵدۆی لێبوە.
لەوبارەیەشەوە دەڵێت "كاتێك گەیشتمە ژورەكەی رۆناڵدۆ، دوو پاسەوانی لێبو، پێموتن كە ئەستێرە بەرازیلییەكە داوای خواردنەوەی غازی كردوە، هەربۆیە توانیم بچمە ژورەوە و روبەڕو بیبینم".
 
لەوكاتەدا دانوستان لەگەڵ یاریزانەكە و بریكارەكەی دەستپێدەكات و جێگری سەرۆكی یانە ئیسپانیەكە هەموو رێگاكانی قەناعەتپێكردن دەگرێتەبەر و واژۆكەی بەدەستدەهێنێت، بەو جۆرەش لە وەرزی 1996-1997 بە ئاستێكی نمونەیی لەگەڵ بەرشەلۆنە دەردەكەوێت.
ئەوكات رۆناڵدۆ لە 37 یاریدا توانی 34 گۆڵ تۆماربكات، لەم دواییانەشدا هۆكاری رۆیشتنی لە بەرشەلۆنە ئاشكراكرد و وتی "متمانەم بە بەڕێوەبەرانی بەرشەلۆنە نەما، ئۆفەرەكەی ئینتەرمیلان-یش رەتنەدەكرایەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group