نێچیرڤان بارزانی و كۆنسولی ئەمریكا كۆبوونەوە

19/05/2019
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ستیڤ ڤاگن كۆنسولی ئەمریكا

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ستیڤ ڤاگن كۆنسولی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ھەولێر، كۆبوویەوە و چەند پرسێكی تایبەت بە هەرێم، عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
ماڵپەڕی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كە هەردوولا باسیان لە كار و چالاكییەكانی كۆنسولخانەی ئەمەریكا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە هەموو روویەكەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر وبەغدا و باشتربوونیان و چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگەی دیالۆگ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێشكەش كرد.
تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە، دۆخی ئێستای مووسڵ و دەورووبەری و ناوچە كێشە لەسەركان و هەنگاوەكانی قۆناغی دوای داعش لە بنبڕكردنی بیری توندڕەوی و رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەیان بە هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر و هاوپەیمانان و زەمینەسازیی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group