توركمانەكان: هەستدەكەین لە كابینەی نوێی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بێبەش دەكرێین

19/05/2019
عیماد رەفعەت سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر

نەوا-سەعید عەبدوڵا-هەولێر
بەمەبەستی داواكردنی پۆستی پێویست لە كابینەی حكومی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، 11 لایەنی توركمانی پاكێجێك دەدەنە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان.
رۆژی یەكشەممە 19-5-2019 لە شاری هەولێر، 11 لایەنی توركمانی كۆبونەوە و گلەیی خۆیان لە پێنەدانی پۆست لە كابینەی حكومی و سەرۆكایەتی هەرێم راگەیاند و دوپاتیان كردەوە، پێداگیری لەسەر ئەو پرسە دەكەن.
لەوبارەیەوە عیماد رەفعەت سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لایەنە توركمانییەكان هەستیان بە مەترسی بێبەشبونیان كردوە لە كابینەی حكومەت و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا، بۆیە 11 لایەنی توركمانی ناو هەرێم كۆبونەتەوە و داواكارن لە كابینەی تازەدا بەشدارییان پێبكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە ناكرێت كورسییەكانی پەرلەمان بۆ توركمان بكرێنە پێوەر، چونكە پێكهاتەیەكی رەسەن و مێژوویی كوردستانن.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ خستنەڕوی ئەو داواكارییەیان، دەخوازن لەگەڵ حزب و لایەنەكانی كوردستان كۆبونەوەیەك بكەن و داواكارییەكانیان بخەنەڕو، كە ئێستا هەمووی یەك پاكێجە، چونكە بەشداریكردنی توركمان لە حكومەتی هەرێمدا سەلمێنەری پرۆسەی دیموكراسیی حوكمڕانی دەبێت لە كوردستاندا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو نوێنەرەی توكمانەكان باسی لەوەكرد، سەرەتا لە رێگەی كۆبونەوەوە داواكارییەكانیان دەخەنەڕو، ئەگەر ئەوەیان بۆ نەكرا، ئەوا لە رێگەی چالاكی مەدەنییەوە هەڵوێستەكانیان رادەگەیەنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group