سەرۆكی لیژنەی یاسایی: پێیدەچێت لەم هەفتەیەدا سەرۆكی هەرێم دیاریبكرێت

19/05/2019
بژار خالید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر لەلایەن ئەو كەسانەی خۆیان كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم و ناویان نەهاتووەتە تانە نەدرێت پێیدەچێت لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت و سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت".
بژار خالید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوای ئەوەی رێكارەكانی خۆتۆماركردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بەشێوەیە یاسایی بەڕێوەچوو، هەشت كەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووەو رۆژی یەك شەممەش بەپێی ئەو وادەیەی دیاریكراوە ناوی 5 كاندیدی سەرۆكی هەرێم ئاشكراكرا.
وتیشی: "هەركەس دەیەوێت لەسەر نەهاتنەوەی ناوەكەی تانە بدات دەتوانێت لەدادگای پێداچوونەوە سكاڵا بكات و بۆ ئەوەش دوو رۆژ مۆڵەت دەدرێت، ئەگەر كەسێك چووە بەردەم دادگاو تانەی دا لە نەگەڕانەوەی ناوەكەی بێگومان چوار رۆژ پێویستە بۆ بەدواداچوونی سكاڵاكە، بەپێچەوانەوە ئەگەر هیچ تانەیەك نەبوو پێشبینی دەكرێت لە رۆژی چوار شەممە یاخود پێنج شەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان بە كاندیدی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەبچێت".
لەبارەی ئامادەبوونی كاندیدەكان لە ناو هۆڵی دەنگدان، هەروەها میوانداریكردنی كەسایەتی و لایەنەكان لەكاتی دەنگدان بۆ دیاریكردنی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بژار خالید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان  بۆ رادیۆ نەوا وتی: "كاندیدەكان مەرج نییە لە پرۆسەی دەنگدان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانبن، بەڵام رەنگە لەناو هۆڵێكی دیكەی پەرلەمان ئامادەبن تاوەكو لەدوای دەنگدان و دیاریكردنی ئامادەی سوێند خواردنی یاسایی بێت".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان  باسی لەوەشكرد، لە كاتی دەنگدان بۆ دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم، چاوەڕواندەكرێت كونسوڵی وڵاتان و كەسانی سیاسی و لایەنەكان لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان میوانداری بكرێن، ئەوەشی وت: "پێم وایە لەو رێورەسمە مەزنەدا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی  یاسایی دەخوات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group