سەدر و عامری هۆشداری لە تێوەگلانی عێراق لەشەڕی ئەمریكا و ئێران دەدەن

20/05/2019 عێراق
موقتەدا سەدر و هادی عامری

نەوا
هەردوو سەركردەی دیاری شیعەكان موقتەدا سەدر و هادی عامری هۆشداری لە تێوەگلانی عێراق لە شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران دەدەن.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەتویتێكدا رایگەیاندووە، لەگەڵ هاندانی جەنگی ئێران و ئەمریكا نییە و لایەنگری ئەوەش نییە كە عێراق بخرێتە نێو ئەو شەڕەوە، ئەگەر وەك عێراق هەڵوێستێكی یەكگرتووی جددی نیشان نەدەن، ئەوا ئەو جەنگەی ئەمریكا و ئێران كۆتایی بە عێراق دەهێنێت.
سەدر ئاماژەی بەوەكردووە، نە عێراق و نە خەڵكەكەشی بەرگەی جەنگێكیتر ناگرن و پێویستیان بە ئاشتی و ئاوەدانكردنەوەیە و، هەركەسێك هەوڵبدات عێراق تێوەبگلێنێت لەم جەنگەوە و بیكاتە مەیدانی جەنگ، ئەوا دەبێت بە دوژمنی خەڵكی عێراق.
لایخۆیەوە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و كەسایەتییەكی نزیك لە ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئاینی و ئەخلاقیی هەموو لایەكە كار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگ بكەن لە عێراق و هەموو ناوچەكە.
عامری دەشڵێت، ئێران و ئەمریكا نایانەوێت جەنگ بەرپابكەن و ئەوەی كە دەیەوێت جەنگ هەڵگیرسێنێت ئیسرائیلە.
سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح جەختی لەوەشكردەوە، هەر كەسێك بیەوێت ئاگری جەنگ لە عێراق دابگیرسێنێت ئەوا كەسێكی سیخوڕە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group