یەكێتی ئەوروپا: پێویستە ئەمریكا و ئێران هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی گرژیەكان بدەن

20/05/2019 جیهان
كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا

كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا لە بارەی زیادبوونی گرژی نێوان ئێران و ئەمریكا رایگەیاند "ناوچەكە لەوە زیاتر پێویستی بە فاكتەری ناسەقامگیری نییە". 
مایا كۆجیانسیس،  وتەبێژی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا، هەڵسەنگاندنی لەبارەی ئەو تویتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، كرد كە نووسیبووی "ئەگەر ئێران شەڕی دەوێت، ئەوا ئەمە بە تەواوی دەبێتە كۆتایی ئێران". 
مایا كۆجیانسیس رایگەیاند كە ئەو كۆمێنت لەسەر هیچ تویتێك نادات و وتی: "بەڵام ئەگەر لە گۆشەیەكی فراوانترەوە سەیری بكەین، ناوچەكە لەوە زیاتر پێویستی بە فاكتەری ناسەقامگیری نییە، بە شێوەیەكی بەردەوام ئەمە دەڵێین. پێویستە خۆ بەدوور بگیرێت لە هەر كارێكی ئاژاوەگێڕی و هەموو هەوڵێك بدرێ بۆ كەمكردنەوەی گرژی". 
جێی باسە دۆناڵد ترەمپ لە هەشتی ئایاری 2018 كشانەوەی ئەمریكای لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند كە ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران واژووكرابوو. 
پاشان ئەمریكا سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە كە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی كردە ئامانج و لە مانگی نیساندا سوپای پاسدارانی خستە لیستی "رێكخراوە تیرۆریستییە بیانییەكان"ەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ماوەیەك لەمەوبەر ئەمریكا بە ئامانجی گرتنەبەری رێوشوێن دژبە هەر مەترسییەكی ئێران كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن و چوار فڕۆكەی بۆردومانی ئەتۆمی B-52ی رەوانەی ناوچەی كەنداو كرد.
بەرامبەر سزاكان و ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا، حەسەن روحانی سەركۆماری ئێران، لە هەشتی ئایاری 2019دا دووبارە بەشێكی چالاكییە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی دەستپێكردەوەو ماوەی 60 رۆژی دیاریكرد بۆ لایەنەكانی رێككەوتنەكە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group