نه‌وا
تیمى نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به‌لێكۆڵینه‌وه له‌تاوانه‌كانى دژى ئێزدییه‌كان 12 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى دۆزیوه‌ته‌وه و له‌ئێستادا سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له دادگاكانى عیراق و دادگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا دژى رێكخراوى داعش به‌كاربهێنرێت.
به‌پێى راپۆرتێكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى له‌ساڵى 2017دا، دۆسێیه‌كی لێكۆڵینه‌وه كراوه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ى دژى رێكخراوى داعش له‌دادگاكاندا به‌كاربهێنرێت، كه تایبه‌ته به‌و تاوانانه‌ى له عیراق و سوریادا ئه‌نجامى داوه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا 12 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه، كه قوربانییه‌كانى ده‌ستى داعشن.
له‌راپۆرته‌كه‌دا كه‌ریم ئه‌سه‌د ئه‌حمه‌دخان سه‌رۆكى تیمى نێوده‌وڵه‌تى وتویه‌تى، هه‌وڵه‌كان ته‌ركیزیان خستوه‌ته‌سه‌ر سێ بابه‌ت ئه‌وانیش تاوانه‌كانى دژى ئێزدیه‌كان له‌ساڵى 2014، ئه‌و تاوانانه‌ى داعش له موسڵ ئه‌نجامى داون له‌نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2016، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵكوژى سه‌ربازانى عیراقى له‌ساڵى 2014 له‌شارى تكریت ناسراو به (سپایكه‌ر).
ده‌شڵێت "راسته به‌ره‌وپێشچونه‌كان لاوازن، به‌ڵام كاره‌كان كاریگه‌رن و به‌ڵگه‌كان له دادگاكانى عیراق و دادگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێن".
به‌پێى هه‌مان راپۆرت یه‌كه‌م گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ له‌مانگى 10ى ساڵی 2018 له‌گوندى كۆچۆ له نزیك چیاى شنگال دۆزراوه‌ته‌وه.
تیمه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه له 48 پسپۆڕ پێكهاتوه و له پاڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، زانیاری له كه‌سانی رزگاربوی كاره‌ساته‌كانی ده‌ستی داعش و شایه‌تحاڵه‌كان وه‌رده‌گرێت و پرۆگرامێكیشی خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی شایه‌تحاڵه‌كان.