400 ئەندامی كۆنگرێس داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریادا دەكەن

21/05/2019 جیهان

نەوا
400 ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا داوا لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی وڵاتەكەیان دەكەن هێزەكانی ئەمریكا لە سوریادا بهێڵێتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزە توندڕەوەكان، كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا دەكەنە ئامانج.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، ئەو ئەندامانەی كۆنگرێس نامەیەكیان نوسیوە و ئاراستەی دۆناڵد ترامپیان كردوە، كە تێیدا داوا دەكات ئەمریكا بەردەوام رۆڵی لەسوریادا هەبێت، چونكە نیگەرانن لە گروپە توندڕەوەكان لەو ناوچەیەدا.
لە 535 ئەندامی كۆنگرێس، 400 ئەندام واژۆیان لەسەر نامەكە كردوە و تێیدا هاتووە "لەكاتێكدا نزیكترین هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا روبەڕوی هەڕەشە دەبنەوە، پێویستە واشنتۆن رۆڵی سەركردایەتی خۆی بگێڕێت و وەك هەمیشە پشتگیری یەكلاكەرەوەی هەبێت".
بەپێی سەرچاوەكان، لەنامەكەدا داواش لە ترامپ كراوە گوشار زیاتر بخاتەسەر ئێران و روسیا سەبارەت بەچالاكیەكانیان لە سوریا، هەروەها گوشاری زیاتر بخرێتەسەر حزبوڵڵای لوبنان.
لەلایەكی ترەوە، مەنسوڕ عوتەیبی نوێنەری كوێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت "رێكخراوی داعش تۆڕێكی نوێ‌ لە عیراق و سوریادا دروستدەكات و پێویستە هەوڵەكان بەهێزتر بكرێن بۆ پاراستنی ئەو سەركەوتنانەی بەدەستهێنراون".
مەنسوڕ عوتەیبی لەدانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی "سەرەڕای سەركەوتنەكان بەسەر رێكخراوەكانی داعش و قاعیدەدا، هێشتا ئەو دوو رێكخراوە هەڕەشەن لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی".
وتیشی "لەئێستادا داعش سەرقاڵی دروستكردنی تۆڕێكی نوێیە لە عیراق و سوریادا، هەروەها لە ویلایەتی كشمیر "ویلایەتی هیند"ی دامەزراندوە".
نوێنەری كوێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داواش دەكات هەوڵەكان چڕتربكرێنەوە بۆ پاراستنی ئەو سەركەوتنانەی بەدەستهێنراون.
لەماوەی رابردودا هێرشكرایەسەر سەربازانی هیندستان و ژمارەیەكیان كوژران، دواتر رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە و دامەزراندنی "ویلایەتی هیند"ی لە كشمیر راگەیاند، كە ناوچەیەكی هاوبەشە لەنێوان هیندستان و پاكستان و ساڵانێكی زۆرە كێشەی لەسەرە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group