سێ لایەن دەیانەوێت زیان بە جوتیارانی كورد بگەیەنن

21/05/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
یەكێتی گشتی جوتیارانی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر بارودۆخی جوتیارانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم راگەیاند و یاسین قادر سەرۆكی یەكێتییە دەڵێت "تیرۆریستان و عەرەبە هاوردەكان و حكومەتی عیراقیش دەیانەوێت زیان بە جوتیارانی كورد بگەیەنن".
ئەمڕۆ یاسین قادر سەرۆكی یەكێتی گشتی جوتیارانی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لەكاتێكدا جوتیاران بەهۆی بارانی ئەمساڵەوە چاوەڕوانن بەرهەمەكانیان باش و پڕخێربێت بەتایبەتیش گەنم، كە مەزەندە دەكرێت ئەمساڵ ملیۆنێك تۆن بەرهەم بێت، بەڵام لەلایەن تیرۆریستان و حكومەتی فیدراڵەوە روبەڕوی مەترسی و ستەم و غەدری گەورە بونەتەوە.
باسی لەوەشكرد، لەلایەك تیرۆریستان، دەغڵ و دانی ئەو سنورانە دەسوتێنن و باج و سەرانە وەردەگرن بەمەش زیانی زۆر گەیشتوە بە جوتیاران، لەلایەكی دیكەشەوە حكومەتی فیدراڵی بەدوو جۆر زیان لە جوتیاران دەدات، یەكەمیان روبەڕوی تیرۆریستان نابێتەوە و رێگاش بەپێشمەرگە نادات جوتیاران بپارێزێت، هەروەها ئاسانكاری بۆ عەرەبە شۆڤێنیەكان دەكات بۆئەوەی دەغڵ و دانی جوتیاران بدزن و بسوتێنن.
یاسین قادر ئەوەشی خستەڕو، حكومەتی فیدراڵ بەجۆرێكی دیكە دەیەوێت زیان بەكەرتی كشتوكاڵی هەرێم بگەیەنێت ئەویش وەرگرتنی 330 هەزار تۆن گەنمە واتە لە 30٪ی گەنمی بەرهەمهاتو، بۆیە نەكڕینەوەی بڕەكەی دیكەی گەنم زیان بەجوتیاران دەگەیەنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی شایستەی دارایی 3 ساڵی رابردوش نەدراوە.
یەكێتی جوتیاران داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عیراق و حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكات كێشەی جوتیاران چارەسەر بكەن و قەرەبوی زیانەكانیان بكرێتەوە و رێگری لەكاری تیرۆریستان بكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group