قوباد تاڵەبانی: رۆتینیاتی فەرمانگەكان جێگەی شەرمەزاریە

22/05/2019
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

نەوا

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: ئەو رۆتینیاتەی لە فەرمانگەكانی حوكمەتی هەرێمدا هەیە جێگای شەرمەزارییەو هاووڵاتیانی توشی رۆتیناتی بیزاركەری ناپێویست كردوە، دەشڵێت: بەهۆی سیستمی بایۆمەترییەوە 50 هەزار فەرمانبەری وەهمیان بۆ ئاشكرا بوە لە لیستی موچەخۆرانی هەرێم.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ بەشداری لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی "حكومڕانی ئەلكترۆنی" لە تالینی پایتەختی ئیستۆنیایە رایگەیاند: پێش ئەنجامدانی سیستمی بایۆمەتری ئێمە نەماندەزانی كێ موچە خۆرمانەو موچە دەدەین بەكێ، ئەوەش سەرئەنجامی كۆمەڵێك كەموكورتی زۆر بوو، بەڵام دوای جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری ئێستا دەزانین چەند كارمەندمان هەیەو موچە بە كێ دەدەین و ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی حكومەتی ئەلیكترۆنی و ئێستاش پێویستمان بەڕێكخستنەوەی موچە و رێژەی میلاكاتی فەرمانگەكان و هێشتا هەنگاوی زۆرمان ماوە.
وتیشی: بەهۆی سیستمی بایۆمەترییەوە 50 هەزار فەرمانبەری وەهمیان بۆ ئاشكرا بوە لە لیستی موچەخۆرانی هەرێم، چونكە ئەو 50 هەزار كەسەی نەچون بۆ خۆتۆماركرندیان وەك كارمەندی حكومەتی هەرێم بوون.
جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: ئەو رۆتینیاتەی لە فەرمانگەكانی حوكمەتی هەرێمدا هەیە جێگای شەرمەزارییە، چونكە ئێستا هەر هاووڵاتییەك دەچێت بۆ هەر فەرمانگەیەك توشی كۆمەڵێك رۆتیناتی بیزاركەری ناپێویستی زۆر دەبێت و رۆتینیاتەكان بەتەواوی هاوڵاتی ماندو دەكەن، بۆیە دەیانەوێت بە بەرنامەی خزمەتی حكومەتی هەرێم و هەروها بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەتی هەرێم سەرجەم ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group