ئێران مانگی دەستكرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات

22/05/2019 جیهان
مانگێكی دەستكرد لەرێگای مووشەكێك ئاراستەی ئاسمان دەكرێت

نەوا
دوای دوو هەوڵی شكستخواردوو، بۆ جاری سێهەم ئێران دەیەوێت مانگی دەستكرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكەن.
جەبار عەلی زاكری، سەرۆكی زانكۆی زانست و پیشەسازی ئێران رایگەیاند، لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بۆجاری سێهەم هەوڵدەدەن مانگی دەستكرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكەن.
وتیشی: 90% ی پێداویستی و كەرستەكانی مانگەدەستكردەكە لە ناوخۆی ئێران بەرهەمهێنراون.
جێی باسە لە دوو ساڵی رابردوودا ئێران هەوڵی دابوو مانگە دەستكردەكانی "پەیام" و"سیمۆرغ" رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات، بەڵام هەر دوو هەوڵدانەكەی شكستیان هێنابوو، بەماوەیەكی كەم دوای هەڵدانیان مانگە دەستكردەكان تەقیبوونەوە.
ئەمریكا، ئیسرائیل و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپی پێیان وایە، لە ژێر پەردەی هەڵدانی مانگی دەستكرد، ئێران تاقیكردنەوەی موشەكی كیشوەربڕ دەكات و جەخت لەوەدەكەنەوە، ئەو جۆرە هەنگاوانە پێشێلی بڕیارنامەی 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشە لە بارەی راگرتنی هەوڵەكانی پەرەپێدان بە موشەكی دوورمەودا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group