فازڵ میرانی: هیچ هۆكارێك نابینین بۆ دەستگیركردنی د.نەجمەدین كەریم

23/05/2019

نەوا
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "هیچ هۆكارێك نابینین بۆ دەستگیركردنی د.نەجمەدین كەریم"، ئاشكراشیدەكات مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەسەر خەت بون بۆ ئەو بابەتە.
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربارەی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەدەنگۆی دەستگیركردنی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "ئێمە هەرچی لەدەستمان بێت پارێزگاری لێ دەكەین وەك تێكۆشەرێكی كورد و وەك ئەوەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارێزگاری كەركوك بووە، كە كەركوك دڵی كوردستان و  قیبلەی كوردستانە، خۆ ئەگەر ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان تاوان بێت ئەوا ئێمە و هەموو كوردە بەشەرەفەكان تاوانبارین با بێن دادگایمان بكەن، سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی راستەوخۆ پاش بڵاوبونەوەی دەنگۆكە لەهەوڵی چڕدان و خۆیان لەسەر خەت-ن،  بەڕاستی ئەوەندەی نەجمەدین بۆ یەكێتی و كەركوكی كرد رەنگە ئەگەر ئێمە كورد نەبوینایە بۆ پارتی نەدەكرد، بەڵام بە كوردبونی "نەجمەدین" و هەڵوێستە كوردایەتیەكانی نەجمەدین ئێمە بە واجبی خۆمانی دەزانین ئەوەی پێمان بكرێت لەڕێگا یاساییەكان و كەناڵە دیپلۆماسیەكانی خۆمانەوە بەرگریمان لە كاك د.نەجمەدین  كردوە و دەشیكەین".
وتوشیەتی "ئێمە هیچ هۆكارێك نابینین، كە د.نەجمەدین كەریم بگیرێت، بەڵام ئەوەی هەندێك لەسایتەكان دەڵێن دۆسیەكەی د.نەجمەدین كەریم لەسەر گەندەڵییە، ئەگەر لەسەر ئەوە بێت ئەوا بە بۆچونی من دەبێت  هەموو حكومەتی عیراقی لەسەر گەندەڵی بگیرێت، دوای ئەوە بۆچی تائێستا یەخەی كوردیان گرتووە بەتەنها، نەمانبیستوە عەرەبێك لەسەر گەندەڵی بگیرێت".
ئەم قسانەی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لەكاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ هەواڵی دەرچونی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك لە دۆخی دەستەبەسەركراوی بڵاوكرایەوە و وێنەیەكیشی لە بەیروتی پایتەختی لوبنانەوە بڵاوكردەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group