لە دوو مەرزی هەرێمەوە جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران زیادیكردوە

23/05/2019
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ

نەوا-لاڤە كوردە 
بەرپرسانی هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخان جەختدەكەنەوە، جموجوڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران زیادیكردوە، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخیش دەڵێت "دیار نییە لە مانگەكانی داهاتودا چی بەسەر جموجوڵەكەدا دێت".
شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "لە دوای ئەوەی لە مانگی 11ی ساڵی 2018 قۆناغی دووەمی سزا ئابوریەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستیپێكرد، ترس و دڵەڕاوكێی ئەوە دروستبو رەنگە جموجوڵی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران كەمبكات، بەڵام بەپێچەوانەوە لەئێستادا هیچ كێشەیەك نییە و بەراورد بە ساڵی 2018 جموجوڵی بازرگانی زیادیكردوە، بەڵام بۆ رۆژانی داهاتو یاخود مانگەكانی داهاتوو نازانرێت چی بەسەر دێت و كاریگەرییەكە چۆن دەبێت".
هەر لە بەرنامەكەدا ئارام سایەخان بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان وتی "جموجوڵی بازرگانی بەردەوامە و هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی دروست نەكردوە، راستە ترس و دڵەڕاوكێ هەیە، بەڵام ئەوەندەی هۆكارە ناوخۆییەكان كاریگەرییان هەیە، دەرەكییەكان نیانە، ئێستا پێناسی گومرگی یەكخراوە و لە چوار مەرزە نێودەوڵەتییەكە یەك پێناس هەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group