كێشەكانی نێوان عیراق و كوەیت لە قۆناغی كۆتاییدایە

23/05/2019 عێراق
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ میری كوەیت

نەوا 
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەوڵدەدات كۆتایی بە كێشەكانی نێوان وڵاتەكەی و كوەیت بهێندرێت.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە عادل عەبدولمەهدی لە میانی سەردانەكەیدا بۆ كوەیت لەگەڵ شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح میری كوەیت، كۆبۆتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، هەماهەنگی هاوبەشی هەردوو وڵات و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانیان و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كراوە. 
عادل عەبدولمەهدی لە كۆبوونەوەكەدا وتوویەتی: "بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكانی نێوان عیراق و كوەیت لە قۆناغی كۆتاییداین. مەودای زۆرمان بڕیووە و بەسەر كێشەی گەورەدا زاڵ بووین. بۆ داهاتوویەكی باشتر و بونیاتنانەوەی پەیوەندییەكانمان دەستمان خستۆتە ناو دەستی یەكتر". 
سەرۆكوەزیرانی عیراق جەختی لەوە كردۆتەوە كە هەردوو وڵات دیدگایەكی هاوبەشیان هەیە لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە رووی ئاوەدانكردنەوە و بونیاتنانەوە و لیژنەی هاوبەشی هەردوو وڵاتیش لە دۆسیەی هەماهەنگیدا هەنگاوی باشیان بڕیووە. 
عەبدولمەهدی تیشكی خستۆتە سەر ئەوەی كە بەجددی كار دەكەن بۆ ئەوەی بە پشتیوانی وڵاتانی دۆست و هاوسێ هەماهەنگییەكانیان بەرەوپێشتر بچن و هەموو بەربەستەكان ببڕن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو كێشانەی لە رابردووەوە ماونەتەوە. 
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەداوە كە رەوشی ناوچەكە ناسك و ترسناكە و وتوویەتی: "نیگەرانین لەوەی جەنگێكی كاولكەر هەڵبگریسێت لە ناوچەكە. دەبێت پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە بكەین كە دەدرێن بۆ رێگەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ". 
عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشكرد كە عیراق ناچێتە سیاسەتی ئیدانەكردن و تۆمەتبار كردنەوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە خوازیارە لەو كۆنفرانسەی لەم نزیكانەدا سازدەكرێت گوتارێكی ئارام بەرهەم بێت كە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەكە بكات كە لە رووی جەنگ و كاولكاریەوە زەرەرمەند بووە.
لای خۆیەوە شێخ سەباح میری كوەیت دەستخۆشی لەو سیاسەتەكرد كە عەبدولمەهدی پەیڕەوی دەكات و ئاماژەی بەوەكرد كە پێشكەوتن و سەقامگیری عیراق لە سایەی ئەو سیاسەتەوەیە. 
شێخ سەباح ئاماژەی بەوەشكرد كە وڵاتەكەی ئامادەی پێشكەشكردنی هاوكارییە بۆ پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە جۆراوجۆرەكانی عیراق و وتی: "جەنگ رەوشێكی زۆر سەختە كە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت. هیوادارین هەوڵی نێوەندگیری كە زۆر وڵات دەیدەن سەركەوتوو بێت. هەروەها خوازیاری بەرقەراربوونی ئاشتیی و سەقامگیرین كە سوودی بۆ هەمووان هەیە". 
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ كوەیت كە ئەوە یەكەمجارە لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئەنجامی بدات، عەبدولمەهدی رۆژی چوار شەممە لەگەڵ میری كوێت شێخ سەباح لە كۆشكی دەسمان لە پایتەخت كۆبووەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group