راكان سەعید: داعش بەسەدان هێكتار زەویوزاری كشتوكاڵی لە كەركوك سوتاندووە

23/05/2019
راكان سەعید پارێزگاری كەركوك

نەوا
پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت، رێكخراوی داعش بەسەدان هێكتار زەویوزاری كشتوكاڵی لە كەركوك سوتاندووە.
راكان سەعید بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، داعش لە شارۆچكەی حەویجەی باشوری كەركوك و ناحیەكانی سەرگەڕان، زێی گەورە و رەشاد ئاگری بەرداوەتە زەویوزاری كشتوكاڵی جوتیاران.
راشیگەیاند، رێكخراوە تیرۆریستییەكە هەوڵ دەدات بە لەناوبردنی كشتوكاڵی جوتیاران كە سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە سزای ئەو خەڵكە بدات كە سەریان نەچەماندەوە بۆی و وتیشی: "لەماوەی دوورۆژدا بەسەدان هێكتار زەوی كشتوكاڵی جوتیاران بوونەتە خۆڵەمێش".
راكان سەعید باس لەوەشدەكات كە ئەوان نیگەرانن لە مەترسییەكانی دۆخەكە و بۆ رێگریكردن لە ئاگرتێبەردانی ئەو زەویوزارانە ژوورێكی عەمەلیاتیان پێكهێناوە.
پارێزگاری كەركوك ئاماژە بەوەشدەكات، لە نێو ژووری عەمەلیاتەكەدا بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، بەڕێوەبەرایەتی ئاگركوژاندنەوە، هێزەكانی ئاسایش بوونیان هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group